بەردەوامیی نائارامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان/ برینداربوونی هێزەکانی ئێران لە سەردەشت

16:05 - 12 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەردەوامیی حوزووری پێشمەرگەکانی حیزبە کوردییەکانی لە ناوچەی سنوورییەکان شنۆ، پەرەی بە جموجۆڵە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەشێکی شار و ئاوایی‌یەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک رۆژی رابردوودا لە چەندین ئاوایی شارستانی سەردەشت، هێزە نیزامییەکانی ئێران لەگەڵ کەسانی چەکدار تووشی تێکهەڵچوون هاتوون و ژمارەیەک لە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران بریندار بوون.

لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دەوروبەریی ئاوایی‌یەکانی\" شمۆڵە\" و \"شندەڕە\"ی سەر بە بەخشی مەرکەزیی سەردەشت، لانی کەم ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکان بریندار کراون.

\"26810.jpg\"
هێزە حکوومەتییەکان بە چەکی نیوە قورسەوە تەقەیان کردووە
هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەو ئاوایی‌یانە بە هەواڵنێری کوردپایان وتووە کە تێکهەڵچوونەکان زۆر توند بووە و هێزە حکوومەتییەکان بە چەکی نیوە قورسەوە تەقەیان کردووە.

شوناسی ئەو هێزانەی کە لەگەڵ ئەندامانی سپای سەردەشت تووشی شەڕ بوو،ە نادیارە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە شایەتی تێپەڕینی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات بەو ناوچەیەدا بووە.

سەبارەت بە بریندارەکان یەکێک لە پیرسۆنێلی دەرمانیی شاری رەبەت بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، لە حاڵی حازردا پێنج ئەندامی سپا لەژیر چاودێریی پزیشکی دان کە کەسێکیان ناوی \" ئێحسان\" و ئازەری زمان و یەکێکی دیکەشیان هێزی خۆجەیی و ناوی \"رەزا\"یە.

ئەو شوێنەی کە تێکهەڵچوونەکە تێیدا رووی داوە بە مەودای ١٥ کیلۆمیتر لە رەبەتەوە دوورە.

سەرچاوەکە دۆخی جەستەیی بریندارەکانی بە خراب وەسف کردووە و باسی لەوەش کردووە دەوروبەری بنکە تەندروستییە بەهێزی سپا تەنراوە.

\"26809.jpg\"
دوو هێزی سپای پاسدران بە چەکی قورسەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی حاجی ئومەران جووڵێندراون
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ ئاشکرای کردووە کە جموجۆڵی هێزە نیزامییەکانی سپا لە ورمێ لە ماوەی یەک حەفتەی رابردووەوە پەرەی سەندووە، بە چەشنێک کە رۆژی رابردوو دوو هێزی سپای پاسدران بە چەکی قورسەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی حاجی ئومەران جووڵێندراون.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو هێزانە لە لوڕستان و ئیسفەهانەوە رەوانە کراون.

هاوکات لەگەڵ ئەو هەواڵانە، عەلی شمخانی لە وتووێژ لەگەل میدیا نێخۆیی‌یەکانی ئێران، حوزووری پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لە سنوورەکان پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمنیەتییە، حیزبە کوردییەکانی بە بەستراوە بە وڵاتانی بیانی بە تایبەت ئەمریکا ناوزەت کردووە و وتوویەتی، پاش تێکهەڵچوونەکان، پەکەکە بە شێوەی فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە ریککەوتنێکی ئەمنیەتی بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکان و رێگریی لە هێزە بیانییەکان بۆ نێو خاکی ئێران هەیە و ئیزن نادەن کە هێزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بچنە ناو خاکی ئێرانەوە.

لە دوو حەفتەی رابردوودا حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەی فەرمی پێشمەرگەکانی خۆی رەوانەی ناوچە سنوورییەکانی شنۆ کردووە کەلە سنووری کێلەشین لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە هێرشیان کرایە سەر.

لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکی حدکا گیانی لەدەست دا و ٣ی دیکەش بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ئیتلاعات لە بەیاننامەیەکدا باسی لە دەستبەسەرکردنی تیمێکی ٤ کەسی کردووە کە بە وتەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد رۆڵیان هەبووە.

لە راگەیەندراوەکەدا \"گرووپە دژە شۆڕشەکان\" بە هۆکاری دروست‌بوونی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد و سەردەشت لە قەڵەم دراون.

پێشتریش سکرتێری گشتی حدکا لە وتووێژ لەگەڵ دویچەوێلە، هەر چەشنە دەستێوەردانی حیزبەکەی و لایەنگرەکانیانی لەو خۆپیشاندانانەدا رەت کردبووەوە.