بەردەوامیی فشار و هێرشی هێزی ئینتزامی بۆسەر هاووڵاتییانی کورد

15:02 - 12 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە بۆ جارێکی دیکە رژانە سەر سەربانی ماڵی هاووڵاتییانی کورد و دەستیان بە زەوت کردنی دیشی ماهوارە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکەوتی ١٢ی رێبەندان،  هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەیان دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی کوردیان لە شەقامی سەفەری و بلواری خوسرەوئابادی سنە، کۆکردەوە.

بە گوتەی شایەتحاڵێک، ئەو هێزانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بەبێ ئاگادارکردنەوە چوونەتە سەربانی ماڵی هاووڵاتییان، کە ئەمەش ترسی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی رێبەندانیش، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەیان دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی گەڕەکی \"تەپە کۆڵە \"ی شاری پاوەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی زەوت کرد.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆکردنەوەی ماهوارە بە دەستی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی بەرین لە ئارادا بووە و بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی شوێن و ناوچەکان بەرنگاری ئەو هێزانە بوونەتەوە.