بەتاڵانبردنی ڕانەمەڕی دوو گوندی مەریوان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە

10:33 - 15 خەزەڵوەر 2720

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە نیزامییەکان بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ قاچاخ، لە کوێستانەکانی دوو گوندی "دووپلوورە و بەردەڕەشە"ی سەرشیوی مەریوان، دەستیان بە سەر ڕانەمەڕی هاووڵاتییانی ئەو دوو گوندەدا، گرتووە.

دانیشتوانی ئەو دوو گوندە لە کورتە ڤیدیۆیەکدا، بەنیسبەت ئەو کارەی هێزە نیزامییەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەبڕیوە و ڕایدەگەیەنن کە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی بە بیانووی ئاودیوکردنی ئەو مەڕ و ماڵاتە لە سنوورەکان، دەستیان بە سەر ڕانەمەڕی ئەو هاووڵاتییانه داگرتووە.

لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، هاووڵاتییەک دەڵێت: "سەرەڕای سکاڵا تۆمارکردن لە سەر هێزە ئینتزامییەکان و بەدواداچوونیان بۆ ئەو کارە، هیچ ناوەندێکی حکوومەتی وەڵامدەر نییە و ئەو مەڕوماڵاتە هی دانیشتووانی گوندەکانی دووپلوورە و بەڕدەڕەشە"یە.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: "ئەو مەڕو ماڵاتە تەنیا بۆ لەوەڕاندن لە کوێستانەکانی ئەو دوو گوندە بوونە کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بەتاڵان براوە".