بۆ رزگار کردنی گیانی سامان نەسیم، پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە

19:27 - 28 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک بۆ جارێکی دیکە سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد هۆشداریی دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی کەمتر لە ١١ رۆژی رابردوودا رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، دوو بەیاننامەی بڵاو کردەوە.

ئەو ناوەندە نێونەتەوەییەی داکاکۆکیکاری مافی مرۆڤ، رۆژی رابردوو رایگەیاند؛ مەئموورانی ئەمنیەتی (سامان نەسیم)یان بە مەبەستی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی داوەتە بەر لێدان.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەو لاوە کوردە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە رۆژی یەکشەمەی ئەم حەفتەیەدا کردووە، کە سامان لەو پەویەندییە تەلەفۆنییەدا رایگەیاندبوو؛ رۆژی رابردوو چەند کەسێک بە جلوبەرگی شەخسییەوە بردوویانەتە بەشی ئەمنیەتیی زیندانی ورمێ.

ناوبراو لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا گوتووشیەتی؛ ئەو کەسانە مەئمووری وەزارەتی ئیتلاعات بوون و کامێرای دیجیتاڵی و ئامێری تۆمار کردنی دەنگیان پێ بووەو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک و بە مەبەستی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی لێیان داوم، بەڵام ناوبراو ئامادەی ئەو دانپێدانانە زۆرە ملییە نەبووە.

رێکەوتی ١٨ی مانگی رێبەندانی ئەمساڵ، ئەو ناوەندە نێونەتەوەییە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری جێبەجی کرانی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم دەربڕی.

ماوەیەک پێش ئێستاش رێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە نامەیەکی هاوشێوەدا رایەگایندبوو، لەسیدارەدانی سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بەسێدارە بەدوور لە چاوەڕوانی نییە.

\"24827.jpg\"
ئەو کۆبوونەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی وڵاتی سوید لەسەر داوای و بانگەوازی کۆمیتەی نێونەتەوەیی دژبە سێدارە بەرێوە چووە
هەروەها رۆژی رابردوو چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی نیشتەجیی وڵاتی سوید بە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕیندا، بڕیاری لەسێدارەدانی سامان نەسیمیان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، مەحکووم کردبوو.

ئەو کۆبوونەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی وڵاتی سوید لەسەر داوای و بانگەوازی کۆمیتەی نێونەتەوەیی دژبە سێدارە بەرێوە چووە.

سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کورد، لە رێکەوتی ٢٤ی مانگی پووشپەڕی سالی ٩٠ی هەتاویدا و لە تەمەنی ١٧ سالیدا دەستبەسەر کرا و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی \"موحاربە\" حوکمی لەسێدارە درانی بۆ برایەوەو ئەو حکمەش لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.

سامان نەسیم، ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە مەریوان لەدایک بووەو مانگی پووشپەری سالی ٩٠ و لە کاتێکدا تەنیا ١٧ سال تەمەنی بوو، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداراندا لە سنووری سەردەشت دەستەبسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو، کە دواتریش گوازرایەوە بۆ زیندانی مەهاباد.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتی موحاربە، لە رێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سێدارە مەحکووم کراو ئەو حوکمەش لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواو لە مانگی سەرماوەزی سالی ٩٢ی هەتاویدا لە لقی ٣٢ی دیونی باڵای وڵاتەوە وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.