بۆکان/ لیباس شەخسییەکان ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستبەسەرکرد

01:55 - 26 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەکۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی ئەم ئێوارەیەی شاری بۆکان، هێزە ئەمنیەتییەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر خۆپیشاندەران و ٧ کەسیان دەستبەسەر کردووە و مامۆستایەکی زانکۆ لەناو دەستبەسەرکراوەکان دایە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنیری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەشاری بۆکانەوە، چەند کاتژمێریک لەمەوبەر و لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی هاووڵاتیانی شاری بۆکان بە نیشانەی دەربرینی بێزاری لەپژاندنی تێزاب بەسەر و چاوی ژنانی کوردا، چوار پیاو و سێ ژن دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری شایەتحاڵانەوە رایگەیاند، \" سەعید حەسەن زادە\" ناسراو بە(شۆرش) و مامۆستای زانکۆ شوناسی یەکێک لە دەستگیر کراوانەکەیە و شایەتحاڵان باسیان لەوەش کردووە کە ئەو مامۆستایەی زانکۆیە لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

\"28207.jpg\"
سەعید حەسەنزادە ناسراو بەشۆڕش لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە
سەعید حەسەن زادە(شۆڕش) هاوکاتیش نیگارکێشێکی ناسراوە و دەوترێت کە ئەو مامۆستایە لەکاتی خوێندنەوەی بەیاننامەیەک دژ بە توندوتیژی و مەحکووم کردنی تێزاب پژاندنەکەی شاری بۆکان و کەمتەر خەمی ناوەندە پێوەندیدارەکان، دەستبەسەر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەدا شەش کەسی دیکەش دەستبەسەرکراون کە سێ کەسیان ژن بوون کە لەگەڵ هێزە ئەمنیەتییەکان تووشی دەمەقاڵە هاتوون.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەک لەشوناسی ئەو شەش هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپا نەگەیشتووە، هەروەها لەشوێنی راگیرانیشیان زانیاری نیە.

ئێوارەیی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر ٨ بەکاتی تاران ژمارەیەک لەچالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی، ژنان و بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی شاری بۆکان لە فەلەکەی فەرمانداریی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکی هێمنانەیان سەبارەت بە پژاندنی تێزاب و نواندنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەڕێوە برد.

داویین زانیارییەکان لەشاری بۆکانەوە باس لەوە دەکەن کە هەنووکە دۆخی شاری بۆکان بە تەواوەتی ئەمنیەتی کراوە و هێزی \"دژە شۆڕش\"یش لەناو شارەکە دەبیندرێت.