بڵاوبوونەوەی پەتا، گیانی یەکێک لە زیندانیانی "بەندەر عەباس"ی ئەستاند

22:25 - 25 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هەوکردنی جەرگ لە بەندی ١٠ی زیندانی \"بەندەر عەباس\" گیان لە دەست دانی زیندانییەکی ئەو زیندانەی لێکەوتەوە.

سەید ئەحمەد باجەڵانی زیندانیی بەندکراو لە بەندی ١٠ی زیندانی بەندەرعەباس کە ماوەیەک پێش ئێستا تووشی نەخۆشیی \"هەوکردنی جەرگ ( هپاتیت) و سیل\" هاتبوو کە سەرئەنجام رۆژی دووشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە بێهداریی ئەو زیندانە دا گیانی لەدەست دا.

ئەم زیندانییە تەمەن ٤٤ ساڵەیە، رۆژی پێنج‌شەممە ١٩ی پووشپەڕ تووشی بێ هۆشی هاتبوو، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و پێرانەگەیشتن بە دۆخی جەستەیی ناوبراو، پاش ٦ رۆژ گیانی لەدەست دا.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی \"چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران\" بڵاوی کردەوە، کەیوان کامجو یەکێکی دیکە لە زیندانیانی ئەو زیندانە تووشی نەخۆشیی هەوکردنی جەرگ بووەو بەو هۆیەوە بۆ بەندی ١ی زیندانی بەندەرعەباس راگوێزراوە.

بەرپرسانی زیندان بە \"کەیوان کامجو\"یان راگەیاندووە، تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەو نەخۆشییەی دەرمان دەکرێت کە مانگانە بڕی ١ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن بەو زیندانە بدات.

نزیک بە ٥٠٠ زیندانی لە بەندی ١٠ی زیندانی بەندەرعەباس راگیراون کە ژمارەیەک لەو زیندانیانە تووشی نەخۆشیی \"هەوکردنی جەرگ\" بوون.

رێژەی زۆری زیندانیان لە بەندی ١٠ی ئەو زیندانە و چوونە سەرەوەی گەرمیی هەوا، مەترسیی بڵاوبوونەوە و تووشبوونی زیندانیان بەو پەتایە زیادی کردووە و هەڕەشە لە تەندروستیی زیندانیان دەکات.