بڕیاری هەڵپەساردنی مۆڵەتی پارێزەریی مەسعوود شەمس نژاد هەڵوەشایەوە

14:56 - 15 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: هەڵپەساردن و راگرتنی مۆڵەتی كاریی مەسعوود شەمس نژاد پارێزەر لە دادگاكانی ئێران، لەسەر بڕیاری دادگای باڵای ئینتزامیی كانوونی پارێزەران هەڵوەشایەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەم پێوەندییەدا و بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو هەواڵە پێوەندیی بە شەمس نژادەوە كرد و ئەو پارێزەرە بەم چەشنە دوا:\"رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١٤ی رێبەندان بە نووسراوەی فەرمیی لەلایەن دادگای باڵای ئینتزامیی كانوونی پارێزەرانەوە پێم راگەیەندرا كە بڕیاری هەڵپەساردنی مۆڵەتی پارێزەرییەك هەڵوەشاوەتەوە\".

ئەو پارێزەرە كوردەی خەڵكی ورمێ‌ئاشكراشی كرد، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە ئۆفیسی كارەكەم كردۆتەوە و بەو كارەش كۆتایم بە دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان هێناوە كە وایان بیر دەكردەوە بە گشتیی مۆڵەتی پارێزەرییەكەم هەڵوەشاوەتەوە.

\"24549.jpg\"
مەسعوود شەمس نژاد مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتی \" پڕوپاگەندە و ئەندامیەتی لە حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران\"‌دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێەوە بە چوار مانگ زیندان مەحكووم كرابوو
ئاغای شەمس نژاد لەدرێژەی لێدوانەكەیدا باسی لەوەش كرد، دوابەدوای ئەوەی لە زیندان ئازاد كرام سكاڵەم لەسەر دۆخی و چۆنیەتی راگرتنی مۆڵەتی پارێزەرییەكەم تۆمار كرد و لە ئەنجامدا توانیم ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنمەوە.

مەسعوود شەمس نژاد كە هاوكات چالاكی مافی مرۆڤیشە وتیشی: دادگای باڵای ئینتزامی كانوونی پارێزەران لە ژێر سێبەر و سەیتەرەی دەزگای قەزایدا نیە و بە شێوەی سەربەخۆ كار دەكات و لەم دوایانەشدا ئاڵۆگۆڕ لە بڕیاردەرانی ناو دادگاكەدا پێكهات و ئەوەش وای كرد من دەست بەكارەكەم بكەمەوە.

ئەو پارێزەرە كوردە پاش كێشانی چوار مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ورمێ‌، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٢ی بەفرانباری ئەمساڵ لە زیندان ئازاد كرا.

شەمس نژاد مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتی \" پڕوپاگەندە و ئەندامیەتی لە حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران\"‌دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێەوە بە چوار مانگ زیندان مەحكووم كرابوو.

ساڵح نیكبەخت، عەباس جەماڵی و عوسمان موزەیەن سێ‌پارێزەری كورد بوون كە دۆسیەی شەمس نژادیان وەئەستۆ گرتبوو.

مەسعوود شەمس نژاد یەكێك لەو كەسانەی ناو زیندانی ورمێ‌بوو كە بە مانگرتن پشتیوانی لە داوكارییەكانی زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی ئەو گرتووخانەیە كردبوو.