برووسكەیەك‌ لە رۆژهەڵاتەوە، سۆزێكی هاوبەش بۆ تراژیدیای شنگال

14:37 - 29 گەلاوێژ 2714
برووسكەیەك‌ لە رۆژهەڵاتەوە ناونیشانی چەند هۆنینەوەیە كە لەلایەن ژمارەیەك شاعیری كوردستانی ئێرانەوە بە مەبەستی دەربڕینی سۆز و هاوخەمی كارەساتی شنگال و ناوچەكانیتری كوردستان نووسراوە.

من ئەهووراییم
رەحیم لوقمانی- سنە


من ئەهووراییم و شنگال باوەڕی ئایینمە
دینی شمشێری بیابان دوژمنی دێرینمە
پڕ لە ئەنفال و غەزایە خاترەی خوێنباری من
داری مێژووم پڕ لە كوللەی باخی بێ پەرژینمە
كێ لە خاك و ماڵی خۆیدا چارەنووسی وەك منە؟
ماڵ حەڵاڵ و خوێن حەڵاڵی لەشكری هاودینمە!
ئێرە كوردستانە گۆڕی دوژمنانی خوێنەخۆر
من مەجووسیم، كافرم ئەم خاكە ڕووگەی ژینمە
\"هەترە شەلێ گیانكەشتا\"
ڕەئوف مەحموودپوور- مەریوان

سەروو سموو زمانیوە
سەرەڕەتێ هەترەشەلێ گیانكەشتی
بیوە تۆشەو چنگەدڕا
لوورەو و وەرگا بیابانی جارێوەتەر
شاروو ولاش وەنە مژن!
هەڵسێ سەروو شەونمیوە
بیە چەپڵێ \"زەماوننێ دڵ حەزینێ\"
پەیتا پەیتا
چۆپی مەرگی كریێ سەوقات پەی زاڕۆڵە وەشڵانەكاو دەشتەو وەروێ
هەرئانە بێ
شاهۆ زێڕناش ئەچێگەیچۆ

شەنگالەنە دەسش گیروو زەڵمیوە بێ و قەندیل كرێڵەو بەزمێ چنێ سینەشەرە
كووبانێچۆ
كناچێ ئاما و سەما سەوزیا:
\"زۆركاری ئارەب كردنە خاپوور\"

ویژدان مرد و ئابڕوو تكا
ئیبراهیم ئەحمەدی نیا- سنە


لە ئێوارەی ئەم زەلكاوەدا
ئەڤین لە حوزووری تریفەدا زینەوچاڵ
بە جلی تاریك و دڵی تاریكەوە
نوێژ لە سەر بەرماڵی بارووت
تا گەیشتنە كۆتایی
چنار ترسا، ئەژنۆی مراوی شكا
ویژدان مرد و ئابڕوو تكا
ئەی مناڵانی شنگال
ردێنی درێژی ئەوان
زەردەخەنەی ئێوه و
فڕینی چۆكەلەی لە سێدارەدا!

شنگاڵ
عەلی ئولفەتی- كرماشان


كرماشان لە چەوەیلم رشیەید ئەڕاد
گئو وماد گیریدوو داڵگم وەگەرمەشین
دەخیل بەسیدنە سەول وشك باوەیاگار
وەرجە مردند بخەن ئافرەت چەوكاڵ!
هەی ماسك سەربەرز تاشەگان شنگاڵ

سەعاتی سفری شنگال
سیمین چایچی- سنە


سەعاتی سفر لە شنگالدا:
گواستنەوەی هێلانەی مێلوورانە
بۆ گلێنەی چاو و لابیرنتی گوێ
لەشی نیوەگیان.

وەستانی سووڕانەوەی تۆپی زەوینه
لە قورسایی چركە نەفریناوییەكان.

سەعاتی سفر لە شنگالدا:
دوایین خاڵی كورتە ژینی ساوایەكە
كە بە دەم مژمژەی
مەمۆكەوە
ئیتر ناگریێ بۆ شیر.

چوار هەنگاو لێتان دوورم
مەحموود مەحموودی- سنە


چوار هەنگاوە لێتان بە جێماوم
لە لاپەڕەی ئەمدیو و ئەودیوی هەناسەیەكدا
جگەرەیەك دامئەگرسێنێت و
لە دێڕی چواری مرۆڤایەتی وەیشوومەیە
لە شەوێكی هەتیودا بەجێماوم
لەم ئازارستانە دا لێتان بە جێماوم
لەم چوار هەنگاوه، جەردە وچەقەڵ
سەگ و خەنجەر
دائەبارن و سەرمان ئەبڕن
خوا
خوا
بۆ ئاگر نابارێنی؟!

ئەوەندەی هێرشێكی هاوبەش؛ بەهێز!
ساڵح سووزەنی- سەقز


تەنیا باڵەفرتەیە و هیچی تر
ئەگینا چ فڕینێك بە تەوێڵی ئەم شەوە چەورەدا...
ئەبارتا بەهەشت ؟
چ جوولەیەك؛
بە بناری ئەم چیا پیرەدا... زنەی دێ ێ ێ... تا ئاسمان
چ گۆرانییەك؛
لە پاڵ ئەو دڵە بچووكانەوە، دێتە سەما.. تا چی؟
بەڵڵایەك، بەڵڵایەك...
رەزا عەلیپوور- سەقز
ئەڵڵایەك، ئاڵایەك، هەڵڵایەك
هاوارە
وا هاتن
قاڵاو شەوگاریان پۆشیوە
لە دەشتی دڕەوە
رەنگاڵەی تاووس و رووناهی كوژەكان
وا هات... و هاوارە
خوێنێكی نەوتاویی، نەوتێكی خوێناویی
مەرگی چی
گورگیشیان نۆشیوە

تیەنگی
عەلیرەزا قاسمی فەڕ- بیجاڕ


بەرز بەرز
تیەنگی باڵا دكەی و
ساوا ساوا
زاڕوەگان دچنە ئاو
تف لە ئاڵای سیە!

بەشێك لە شێعری: هەرەوەزی تینوێتی‌یە ... لە چیای مەغڵووبی تەنیایی
یوونس رەزایی- بۆكان


مەگری ئەی شاخ
بە خەفەتی هەزاران كۆتری دوورە باڵ
كە هێلانەیان بە رەوەزەكانی مەرگەوە... لە ترسان
بە ئەسرینی زارۆیانی مەسحەفەوە
كە لە كتێبی رەشەبادا...ناویان تۆمارە
بگێڕە چەمەرییەكی روون
لەو تاریكەسەلاتی بیابانەدا
كە گەڵا گەڵا جەستەیان خەزەڵوەرە

تێبینی:

* ئەم چەند شیعرە دەربڕینی سۆز و كسپەیەكی مرۆڤدۆستانە و هاوبەشی چەند شاعیرێكی ئەم بەشەیە لە ئاستی ئەو كارەساته گەورەیەدا كە لە شنگال و ناوچەكانیتری كوردستاندا روویانداوە.

** ریزبەندیی شیعرەكان بە رێكەوت(رەندۆم) بووە.

*** هە وڵ دراوە زۆربەی زاراوەكانی زمانی كوردی لەم برووسكەیەدا بەشدار بن.