باوک و کوڕێک لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانەکانی کامێران و مەریوان ڕاگوێزران

11:12 - 21 بەفرانبار 2721

هەواڵدەریی مافی مرۆیی "هێرانا" ڕایگەیاند: "دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی ئیبراهیم و سالار سدیق هەمەدانی کە باوک و کوڕن، بۆ زیندانەکانی کامێران و مەریوان ڕاگوێزراون".

ئەو هەواڵدەرییە لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ جێبەجێنەکردنی ئەسڵی جیاکردنەوەی تاوانەکان، لە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانبارەوە مانیان گرتووە".

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، "سالار" بۆ زیندانی کامێران و "ئیبراهیم" بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزراون.

هێرانا لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە کە دۆخی تەندروستیی "ئیبراهیم سدیق هەمەدانی" کە نەخۆشیی "دیابتـ"ـی هەیە، بەهۆی مانگرتنەوە نالەبارە.

هەروەها "سالار" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە زۆربەی زیندانییەکان لە ژووری  بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان ڕاگیراون.

"ئیبراهیم" لەگەڵ سالار و کچەکەی بە ناوی "مریەم" ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ساڵی ٩٨ بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون و دواترلە هەمان مانگدا، مریەم لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو باوک و کوڕە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، هەر کامەیان بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی دژبەری حکوومەت و چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" بە ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

هەروەها ئەو باوک و کوڕە لە دۆسیەسازییەکی نوێدا لە زیندان، بە تۆمەتی چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام بە ١١ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.