بانە/هێزە ئینتزامییەکان، تەنیا بەپێی گومانی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ هاووڵاتییەکیان کوشت

21:56 - 7 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوولاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی بانە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە گۆمانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی میراوای بانە بەناوی ئەحمەد میراوایی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

هاووڵاتییەکی شاری بانە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئینتزامییەکان تەنیا بە گومانی هەڵكگرتنی کەلووپەلی قاچاخ تەقەیان لەو هاووڵاتییە کوردە کرد، بەڵام کاتیک چوونە سەری، ماشێنەکەی بەتاڵ بوو.

ئەحمەد میراوایی نیوە شەوی رابردوو رێکەوتی ٧ی جۆزەردان و لە کاتێکدا ویستوویەتی لە شاری بانەوە بەرەو گوندەکەی خۆی (میراوا) بگەرێتەوە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستڕێژی گولـلەی لێکراوەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

ساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا رایگەیاند؛ ئەگەر کەسێک ماشێنی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.