بانگەواز بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێراندا دەکرێت+وتویژ

20:03 - 7 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی پەرەسەندی رەوتی ناڕازایەتیی مامۆستای قوتابخانەکان لە ئێران، بڕیارە لە رۆژی ١٠ی رەشەمەی ئەمساڵدا و بەمۆڵەتی فەرمی مانگرتنی گشتی لە ئێران و کوردستان بەڕێوە بچێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستای قوتابخانەکانی ئێران بۆ باشتر کردنی دۆخی گوزەران و ژیانیان بە شێوەی هاوئاهاهەنگ لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمەدا، مانگرتنی گشتی لە ئێران و کوردستاندا بەڕێوە ببەن.

بەڕێوەچوونی یاسای پێدانی هاوئاهەنگی مووچەی مامۆستایان، گەڕاندنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و بەگشتی باشتر کردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لە خواستە سەرەکییەکانی مامۆستایانی ناڕازین.

\"24993.jpg\"
هەڵمەت مەعرووفی: مامۆستایان بۆ دەستەبەر کردنی خواستەکانیانن بڕیارە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە لە بەردەم پارلمانی حکوومەتی ئیسلامی و لە شارەکانیشدا لەبەردەم نوێنەرایەتیی کانوونی سینفیی مامۆستایان و ئیدارەی پەروەردەدا کۆببنەوە
هەڵمەت مەعرووفی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان لە لێدوانێکدا بە کوردپای راگەیاند: ژمارەیەک لە مامۆستایان بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وبەتایبەت \"تێلگرام\" دەستیان بە رێکخستن کردووەو هەتا ئێستا لە ٣٥ گروپی ٢٠٠ کەسیدا مامۆستایانیان بە مەبەستی مانگرتنی گشتی لە ئێراندا رێکخستووە.

بە گوتەی مەعرووفی؛ لەو گرووپانەدا نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی بانگهێشت دەکرێن و بەرەوڕووی پرسیاری مامۆستایانی ناڕازی دەبنەوە.

ئەو مامۆستایەی پێشووی قوتابخانەکانی ورمێ دەشڵێت: مامۆستایان بۆ دەستەبەر کردنی خواستەکانیانن بڕیارە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە لە بەردەم پارلمانی حکوومەتی ئیسلامی و لە شارەکانیشدا لەبەردەم نوێنەرایەتیی کانوونی سینفیی مامۆستایان و ئیدارەی پەروەردەدا کۆببنەوە.

بەگوتەی هەڵمەت مەعرووفی؛ حەراسەتی ئیدارەی پەروەردەی شارەکان، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک مامۆستایانی ناڕازیی بانگهێشت کردووەو لە هەوڵی کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتیی مامۆستاکان و پەک خستنی مانگرتنەکەدان.

هاوکات کانونی سنفیی مامۆستایانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لەو وڵاتەدا راگەیاندراوێکی بڵاو کردۆتەوە کە تیایدا باسی لەوە کردووە، کە مانگرتنی رێکەوتی ١٠ی رەشەمە بە مۆڵەتی فەرمی بەڕێوە دەچێت.

ئا: ئارام. ح