بارودۆخی دوو زیندانیی کورد لە زیندان ناڵەبارە

16:45 - 3 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکان لە زیندانی شارەکانی بەندەر عەباس و بیرجەند دوو زیندانیی کوردیان ئازار و ئەشکنجە داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بازرگانێکی کورد خەڵکی شاری ماکۆ سەر بە پاڕیزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە کۆتاییەکانی حەتووی پێشوو که لە زیندانی ناوەندیی شاری بەندەر عەباس تووشی جەڵدەی مێشکی هاتبوو، دۆخی جەستەیی ناڵەبار ڕاگەیەنراوە.

شوناسی ئەو زیندانییە نەخۆشە کوردەی شاری بەندەر عەباس حوسێن عەلیزادە ڕاگەیەنراوە، کە لە لایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو زیندانییە تەمەن ٤٤ ساڵەیە لە لایەن لێکۆڵەڕەوی لقی ٣ی دادگای شاری بەندەرعەباس بە تاوانی\"قاچاغی شتومەک\" زیاتر لە دوو مانگ بە شێوەی کاتی دەستبەسەر و هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو بازرگانە بە ناڕوونی ماوتەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران ڕایانگەیاندووە، حوسێن عەلیزادە بە تەواوەتی باجی گومرک و ئیزنی شتومەکی بە شێوەی یاسایی بە لایەنە پەیوەندییدارەکان لە بەشی گومرک داوە.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی دیکە کورد لە زیندانی بیرجەند لە لایەن چەند کەسێکەوە کەوتووەتە بەر لێدان و ئازار و ئەشکنجە و بەو هۆیەوە باری تەندروستی ئەو هاووڵاتییە مەترسیدار وسف کراوە.

\"\"
فەرزاد شاهی
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕاگەیاند: فەرزاد شاهی نێوەڕاستی مانگی پێشوو، لە لایەن زیندانییەکانی دیکەوە بە هاندانی بەڕێوەبەری ناو زیندان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو زیندانییە و ناوبراویش بەو هۆیە مانی لە خواردن گرتووە.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سەرەڕای دانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بەدانی ئیزنی مورەخەسی ئەو زیندانییەی خەڵکی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان لە لایەن سەرپەرەستی دادسەرای گشتی و دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە دژایەتی کراوە.

ئەو زیندانییە تەمەن ٣٧ ساڵە، هەنووکە لە قەرەنتینەی زیندانی بیرجەند دایە، کە بە تاوانی ئەندام بوون لەگەڵ باندێکی خرابکار، شەڕ لەگەڵ مەئمووران و ڕاگرتنی ماددەی سڕکەر بە ٣٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە.