ئـاییـــن و زمـــــان - فەلەكەدین كاكەیی

22:12 - 21 گەلاوێژ 2713
Unknown Author
فەلەكەدین كاكەیی

وەختێک زمانی میللەتێک دەبێ بەزمانی ئایین، دیارە ئەو زمانە تا ڕادەیەكی باش پێشكەوتووە، تا بتوانێت تەعبیر لە راز و رەمز و ئەفسانە و نهێنیی ئایین بكات. هەموو ئایینەكان تەژین لە ڕاز و مانای شاراوەو، هێما و ئاماژە و وێنەی هونەری نزیك لە شیعرەوە. 

هەر بۆیەش ئایینە كۆنەكان بە شێوازی شێعر داڕێژراون وەک زەردەشتی و دواتریش یارسان (كاكەیی). تەنانەت زمانی قورئانیش جوانترین و بەرزترین پلەی سەردەمی خۆیەتی لە زمانی عەرەبیدا.

ئەوەندە ڕەوانبێژی وهونەر و تەعبیری جوانی هەبووە هەر بۆیەش میللەتی عەرەب، بەر لە هەموو كەسێک، ئایینی ئیسلامی وەردەگرن، چونكە كەوتنە ژێر كاریگەریی ڕەوانبێژی و جوانكاری زمانی قورئان.

زمانی عەرەبی بەر لە هاتنی قورئان پێگەیشتبوو و شێعری عەرەبی بەر لە ئیسلام، كە بە شێـعری جاهلی ناسراوە، بەرزو جوان بوو، ئێستاش عەرەبی ئەمڕۆ شانازیی بەو شێعرەوە دەكەن.

ئاڤێستا و میدیا:

زۆربەی زانا و رۆژهەڵاتناسان لەو باوەڕەدان كە زمانی ئاڤێستا زمانی میدیاییە؟، چونكە زەردەشت پەیامبەر مرۆڤێكی ماد (یا میدی)بووەو لە دەڤەری ئەو وەختەی (میدیا) پەیدابووە.

جێگەی لەدایكبوونی زەردەشت لە نزیكەی ٦٦٠ ساڵ پێش زاییندا، وەک مێجەرسۆن دەڵێت: \"دەڤەرێكە كە ئێستا بە (مۆكرێ) ناسراوە، دەكەوێتە رۆژهەڵات و رۆژاوای دەریاچەی (ورمێ). زەردەشت لە تەنیشت رووبارێكی رۆژهەڵاتی دەریاچەكە لەدایكبووە و دواتر كە بە پەیامبەری گەیشت یەكەمین ئاتەشگەوە (ئاتەشگا)، واتە پەرستگای زەردەشتیی، لە دەڤەری لەدایكبوونی دامەزراند، كە هێشتا دیوار و ئاسەواری ماوە و ساڵانە، لە نەورۆز، زەردەشتیانی ئێران و هیندستان و جیهان لەوێ گرد دەبنەوە و ڕێوڕەسمی زەردەشتی بەڕێوەدەبەن.

دەڤەری (مۆكری) باژێری (مەهاباد) و دەوروبەری تا مەڵبەندی زێد و ماوای زەردەشت دەگرێتەوە. بەپێی لێكۆڵینەوەو زانینی (مێجەرسۆن)ی رۆهەڵاتناس واژەی (مەهاباد) مانای (ماد)ی تێدایە، وەک چەند شاری دیكەی كوردستان: ئامەد، ئامێدی و ماكو (ماە كۆ)، ماردین. واژەی (ماد) بە شێوەیەك لە تۆی ئەو ناوانەدا پەیدا دەبێ، كە تۆژینەوەی زیاتری دەوێ.

گەورەترین و فراوانترین ڤەكۆڵین دەربارەی ئاڤێستا، لەلایەن زانایانی رووسەوە، ئەنجامدراوە، كە دەڵێن زمانی كتێبی (ئاڤێستا) هەمان زمانی مادییە (میدییە)، چونكە لەناوجەرگەی میللەتی ماد پەیدابووە و دانراوە.

دەزانن كە دەوڵەتی ماد بەر لە دەوڵەتی فارس دامەزراوە، لەكاتێكدا زەردەشتی بووبوو بە ئایینی میدییەكان، هێشتا فارسەكان وەریان نەگرتبوو، بەڵكو دەیان ساڵ بەدواوە ئەمجا زەردەشتی بە ئایینی رەسمی دەوڵەتی هەخامەنشی فارسی دانراوە.

زانا و رۆژهەڵاتناسان وەك سێرسدنی سمیس ومینۆرسكی و ئەوانی تر لایان وەهایە كە زمانی ماد (میدی) هەمان زمانی كوردیی ئێستایە. جا لەبەر ئەوەی ئاڤێستا بە زمانی مادی نووسرابوو نەك فارسی، دەڵێن كە زمانی كوردی لە زمانی فارسی كۆنترە، چەندین بەڵگەش دەهێننەوە، لەوانەش كە لە زمانی ئێستای كوردیدا ژمارەیەكی زۆری واژە و ئاماژەی زمانی ئاڤێستا دەبینین كە لە زمانی فارسیدا بەو ئەندازەیە نییە.

زمانی (پەهلەوی) بە هەمان زمانی ئاڤێستا دەگوترێ. دەبێ بڵێین كە نازناوی (پەهلەوی) حەمە رەزا شا هیچ پەیوەندییەكی بە واژەی كۆنی پەهلەوییەوە نییە. ئەم زمانە، ئەوی تر تەنها نازناوێكە حەمە رەزا شا خستیە سەر ناوی خۆی تا شانازیی پێوە بكات.

ئێستا چەندین نموونە لە زمانی ئاڤێستا (یا پەهلەوی)كۆن و، زمانی ئێستای كوردی دێنینەوە تا بزانین چەند لێكەوە نزیكن، بەڵكو هەر یەكن.

زمانی ئێستای كوردی (بەزاری جیاجیا) زمانی ئاڤێستا - پەهلەوی 
ئاسیاو، ئاش، ئاسیاو Asiaw
ئەسر، ئەشك، ئەسرین، ئەرس Aris
برا، برات، برادەر، برات Birat
ئاك، بەدی، خراپە،ئاك Ak
رۆژ،رو، روژ Roj , Ro 
ئامۆزگار، مامۆستا Amozgar 
زانین، زانیاری Zan
ئاوس، حاملە، دووگیان Apos
كەوچك، كەڤجك، قاشوق، قاشوغ Kevcik(c لاتینی)
ئەرغەوان (رەنگ) Argewan
پزیشك (s لاتینی) Bizisk 
وەریس، ورێس، گورێس Awres
پەز، پس،گا و مەڕ و بزن Pis
هێستر Astir
تەم، تاریكی Tem
هەور، ئەڤر Awr
تەنێ، تەنیا Teni
زوان، زمان Uzwan
تۆم، توخمە Tom
درۆزن Dirozin
با، هەوا Bat
وایۆ، وا (بەهەورامی) wayo
رۆشن، رووناك Roshin
بازێ، بازوو Bazi
بیش، دەردوئازار، ئێش Bish
پۆست، پۆسە Pose
پیم (پیم و گۆشت) Pim
سیپ، سێڤ، سێو Sip
كیژ، كنیشک، كچ Kinik
مەزن، گەورە Maz
بەرز Berza
ماسی Masya
تێز Tij
هێشتر، هوشتر، حوشتر (sلاتینی) Hostera
پرد، پر، پرا Prada
هۆر،خۆر Hor
مەگەز، مێش، پێشوولە Mexshe
بەرخ، وەراخا Berx
قسە QISE, Xise
توند، دیجلە Tir, Tiyger

تێبینی: ئەو واژە كوردیانە هەندێ گۆرانی هەورامانین، هەندێ زازایی، هەندێ كرمانجی سەروو، یاهی خواروون.

دیارە لێكۆڵینەوەی ورد سەدان واژەی دیكەی ئاڤێستا وكوردی ئێستا ئاشكرا دەكات.

سێ تێبینی:

رۆژهەڵاتناسە زانا و شارەزاكان چەند بەڵگەنامەی گرنگ دێننەوە بۆ ئەوەی بسەڵمێنن:

یەكەم: زمانی كوردی لقێكی زمانی فارسی نییە، بەڵكو كوردی زمانێكی سەربەخۆیە شانبەشانی فارسی پەیدابووە و نەشونمای كردووە. تا ئێستا هەندێ نووسەری فارسی (هەندێ كوردیش) زمانی كوردی بە شاخەیەك (لقێكی) زمانی ئێرانی، بەمانای فارسی، دەزانن.

دووەم: هەڵەیەكی مێژوویی و زمانەوانی و فەرهەنگی هەیە كە هەر وەختێک ناوی (ئێران) و ئێرانی دێتە پێش یەكسەر هزری كورد و غەیری كورد بۆ زمانی فارسی و وڵاتی فارس دەچێت. لەكاتێكدا وەها نییە.

فارسی، زمانی میللەتی فارسە، كە زۆرینەیان ئێستاش لە چوارچێوەیەكی جوگرافیایی ئێران دەژین. دوای نەمانی دەوڵەتی ماد، میللەتی فارس دەسەڵاتی گرتە دەس تا ئەمڕۆ.

بەڵام واژەی (ئێران) لە فارس زۆر بەرفرەترە. ئێران ئاماژەیە بۆ ئارییان یا ئارییەكان، هەموو ئەومیللەتانە دەگرێتەوە كە بە هیندۆئاریایی ناسراون، لەوانەش: هیند، كورد، ئەفغان، تاجیک و فارس و بلووچ و ئەرمەن و هی دیكە. بەواتایەكی دیكە زمانی ئێرانی نەک بەس زمانی فارسە، زمانی سەنسكریتی هیندی و كورد و تاجیک و ئەفغان و بلووچ و هی تر تایبەتمەندی میللەتی دیكەن.

ئەم میللەتانە لە چوارچێوەی جوگرافیاییەكی پان و بەرین ژیاون كە جوگرافیای بڵاوبوونەوەی ئایین و فەرهەنگی زەروانی (زەرڤانی) ومیترایی وزەردەشتی و مانی و هی ترن. ئێستاش فەرهەنگ و كەلتووری ئەم میللەتانە هەر لەو بازنەیەدا ماوەتەوەو كاریگەرییان بەسەر میللەتانی دەوروبەر كردووە وەک یۆنانی و عێراقی ئێستا و سوریا و لوبنان و میسر و چین و باشووری رۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست. بێگومان كیشوەری ئەوروپاش دەگرێتەوە، چونكە مەڵبەندێكی گرنگی هیندوئاریاییەكانە.

كەواتە واژەی (ئێران) تەنیا بە مانای (فارس) نەبووە و نییە، بەڵكو مانایەكی زۆر فراوانتری هەیە لە رووی زمان و فەرهەنگی و ئایینی و ئەتنۆگرافی و فیلیلۆلۆجی یەوە.

سێیەم: بەڵێ دروستە زمانی فارسی خزمەتێكی گەورەی كردووە، وەلێ زمانی كوردی و زمانی فارسی هەردووكیان لە بنەماڵەی هیندۆئاریایین. ئیتر كامەیان پێشتر هاتووە؟! وەكو گوتمان هەندێ رۆژهەڵاتناس دەڵێن كە زمانی كوردی كۆنترە لە زمانی فارسی، بە بەڵگەی ئەوە كە ئاڤێستا كە هەمان زمانی كوردییە بەر لە هەر كتێبێک یا دانراوەیەک هاتووە.

وەلێ راستی ئەوەیە هەردوو زمانی كوردی و فارسی لە یەک سەرچاوەوە هاتوونە، كە لەولاوە زمانی سەنسكریتی هیندیشی لێ پەیدابووە. هاوبەشی نێوان ئەو سێ زمانە ئێجگار زیادە.

كەواتە: میللەتانی كورد و فارس و هیند خزم و پسمامن و یەک ڕیشەی زمانەوانیان هەیە، هەروەها جیهانبینی (فەلسەفەی) ئایینی هیندۆسی (برهمایی) زۆر نزیكە لە زمان و ئایینی زەردەشتی و زۆربەی ناوی خواوەند و فریشتە و راز و رەمزەكان لە هەردوو ئایین دا دووبارە دەبنەوە.

وەلێ زمانی فارسی زیاتر پێشكەوتووە چونكە هەمیشە بەكارهاتووە، چ وەكو زمانی دەوڵەت، یا نووسین و خوێندن و دانان، لەكاتێكدا زمانی كوردی ئێجگار كەم دەرفەتی هەبووە، تەنیا بەشێوەی زارەكی ماوەتەوە، ئەدەبیات و فۆلكلۆریش زارەكی و سنگ بە سنگ ماوە، لە یاد و زەینەدا ماوەتەوە. ئەویش تایبەتمەندییەكی فەرهەنگی كوردی و میللەتانی دیكەی هیند و ئاریاییە (یا هیندوئەوروپایی).

وەختێک ئەسكەندەری مەكدۆنی ئێران و كوردستان تا نزیكەی هیندستان داگیردەكات ئاڤێستا و دەسنووسەكانی دیكەی زەردەشتی كە لەسەر پۆستی ئاسك نووسرابوون، كۆ دەكاتەوە و دەیانسوتێنێ. دەڵێن بە ئامۆژگاریی زانا یۆنانییەكان بەشێكی ئاڤێستا دەهێڵنەوە، تەنیا بەشی (گاتا) لەكتێبی ئاڤێستا بەدەست ئەسكەندەر ناكەوێ، چونكە هێشتا نەنووسرابوو، تەنیا لە ئەزبەری (یادی) موغانەكانی زەردەشتیبوو.

دیارە لەبەر ئەوەی گاتاكان زۆر پیرۆز دەبن، نایاننوسن و، سنگ بە سنگ دەیپارێزن. دوای سووتاندنی بەشەكانی دیكەی ئاڤێستا، بە ماوەیەك، موغ و موبەدەكانی زەردەشتی گاتاكان، بە نهێنی، دەنووسنەوە و دەیپارێزن، لەگەڵ هەر زانیارییەكی دیكەی ئاڤێستا كە لە بیری خەڵكدا مابوو. دوای ئەوە بە دووسەد سێسەد ساڵ، زەردەشتییەكان دەچن تێكستە یۆنانییەكانی ئاڤێستا (وەرگێڕدراوەكانی سەر زمانی یۆنانی) پەیدا دەكەن و وەریدەگێڕنەوە سەر زمانی خۆیان. واتە: بەشێكی كتێبەكەی خۆیان لە زمانی یۆنانییەوە دەگێرنەوە.

ئێستاش بەشی (گاتاكانی) ئاڤێستا بە رەسەنترین و جوانترین تێكستی ئاڤێستایی دەزانرێ، كە بە تەعبیر و رەمز و رازی شاراوەی نەزانراو نووسراوەتەوە، هێشتاش بە تەواوی ماناكانی لێكنەدراونەتەوە.

بە كورتی دەتوانم بڵێم، زمانی ئاڤێستای میدیایی تا رادەیەكی باش لە تۆی زمانی كوردی و هیندی و فارسی و ئاریاییەكانی دیكەدا، خۆی پاراستووە و تا ئەمڕۆ ماوەتەوە. واتە ریشە و ئاسەواری زمانی ئاڤێستا لە نێو ئەم زمانانە دەدۆزینەوە: كوردی، تاجیكی، ئەفغانی، هیندی، فارسی، بلووجی، ئەرمەنی و هی تر.

كەوابێ تەمەنی ریشەی راستەقینەی زمانی كوردی بۆ دوورتر لە سێ چوار هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. ئەو كاتەی كە ئاڤێستا دادەبەزێ و بە زمانی مادی تەعبیری لێدەكرێت، دەبێ ئەم زمانە ئەوەندە دێرین و پێشكەوتوو بێ تا بتوانێ مانای فەلسەفی و راز و رەمزی ئایینی دەرببڕێت.

زمانی مادی مێژوویەكی درێژ بەر لە ئاڤێستای هەربووە. وەك زمانی عەرەبی و قورئان، یا زمانی سریانی و عیسەوی (مەسیحییەت)، یا زمانی سەنسكریتی هیندی و ئایینی برەهمایی (هیندۆسی)... 

زمانی هەر میللەتێك ماوەیەكی درێژ دەبات تا پێكدێ و پێدەگات و ئامادەی دەربڕینی مانای بەرز و تێكچرژاو (پێچیدە) دەبێت. هیچ زمانێك كوتوپڕ بە كاملی (رەسایی) پەیدا نابێ.

كەوابێ بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام بە زمانی عەرەبی لە كوردستانا (واتە: ئەو جوگرافیا بەرفرە و گەورەیەی كە ئێستا كوردستانی پێ دەڵێن) زمانی كوردی هەبووە، بەو بەڵگەیە كە ئایینێكی جیهانگیر بە زمانی ئاڤێستایی (مادی و كوردی) لە سەرانسەری ئەم كوردستانەدا هەبووە.

ئایینێكی فراوانی دەوڵەمەند و قوولی وەكو زەردەشتی، مومكین نەبووە بە ئاسانی فەرامۆش بكرێت و لەیادی پەیڕەوانی بچێتەوەى، هەرچەندە لە هاتنی ئیسلامەوە ئیتر زمان و فەرهەنگی عەرەبی زاڵ بووە، بووە زمانی عیبادەت و دەوڵەت و خوێندن و نووسین. بەڵام ئاسەوار و كاریگەریی زەردەشتی و زمانەكەی، بە نهێنیش بێ، لەلای خەڵكی كوردستان و ئێران و وڵاتانی تر مایەوە، چ سنگ بە سنگ (ئەزبەر)، یا بە دزییەوە لە نێو هەندێ وەجاخی پیر و نەوەی پیرەكانی زەردەشتی، بەتایبەتی لە جێگە دووردەستەكانی چیا و دۆڵی سەرانسەری زاگرۆس و دەورووبەر.

یارسان و سەرانجام و زاری گۆران (هەورامان):

ئالێرەوە پەنجەرەیەكمان بۆ دەكرێتەوە، تا بە شێوەیەكی روون و سادە لە هۆكار و شێوەكانی پەیدابوونی ئایینی یارسان (كاكەیی) و كتێبی (سەرانجام) بە شێوەزاری گۆرانی كۆن ببینین.

یەكەم: با ریشەی زاری گۆران (هەورامان)ی كۆن و زمانی ماد و ئاڤێستا تێبگەین. (ئێستا تەنیا باسی یارسان و زمانەكەی دەكەین و ئایینە كۆنە كوردییەكانی دیكە دوادەخەین چونكە لێرەدا ماوە كەمە و جێگەیان نابێتەوە).

دیالێكتی گۆران لە شێوەزارە سەرەكییەكانی كوردییە. زارێكی رەسەن و هەرە كۆنە، هەر بۆیەش ئایینی یارسان لە سەدەی دووی كۆچی (مشەختی) بە زاری گۆران (هەورامی كۆن) تازە بووەوە.

ئەم تەعبیرە ئێجگار گرنگە كە \"نوێكرایەوە/ نووژەن كرایەوە\"، چونكە دیارە پێشووتریش هەبووە. واتە: پێش ئیسلام.

بالوولی ماهی (ناسراو بە بالوولی دانا)، لە سەدەی دووەمی كۆچی (بەر لە هەزار و دووسەد ساڵ) لە ناوچەی لوڕستانەوە سەریهەڵدایەوە، بە شێوەزاری گۆران فەرموودە (قەول/كەلام)ی یارسانی داناوە و یارانی بە نهێنی بانگ كردووە تا ئایینی یارسان \"تازە بكەنەوە\". ئەم راستییە لە (3) لایەنەوە گرنگە.

یەكەم: دووسەد ساڵ دوای هاتنی ئیسلام و زمانی عەرەبی، بالوولی دانا بە شێوەزارێكی كوردی ئایینێكی كۆنی كوردیی نوێ دەكاتەوە.

دووەم: شێوەزارەكە گۆران (هەورامانی كۆن) ئەویش لە ناو جەرگەی لوڕستانەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كە لوڕستان زەمینەی هەبووە هەم بۆ ئایینەكە، هەم بۆ تێگەیشتن لە زاری گۆران.

سێیەم: دەڵێ: یارسان تازەبكەینەوە. واتە پێش ئەوە هەبووە. كە دەبێ پێش ئیسلام بێ.

لە بالوولی دانا، سەدەی دووەمی كۆچی تا دەركەوتنی سوڵتان ئیسحاق (سەهاك) لە بەرزنجە و هەورامان، لە ناوەڕاستی سەدەی هەفتەمی كۆچی دا، ئایینی یارسان (كاكەیی یا ئەهلی هەق) شێوەی ئێستا وەردەگرێت و، لە كۆی گشتی تێكستی فەرموودە و كەلامەكانی یارانی سوڵتان ئیسحاق دەردەكەوێ كە ئایینی یارسان ڕیشەیەكی كۆنی هەیە، بۆ زەروانی (زەرڤانی) و میترایی و زەردەشتی و مانی دەگەڕێتەوە و تێكەڵبوونی لەگەڵ ئایینی هیندۆسی هیندستانی هەیە.

هەروەها خۆی بە میراتبەری ئایین و فەرهەنگی مووسا و عیسا و محەمەد دەزانێ و تەواوی عارف و زانا گەورەكانی جیهانی ئیسلامی بە هی خۆی دەزانێ.

یارسان بڕوای بە دۆناودۆن هەیە. لە سەردەمی هەر ئایین و فەرهەنگێكدا دەركەوتووە.

بۆ نموونە: (پیر بنیامین) كە یەكەمین یاری نزیكی سوڵتان ئیسحاقە، لە دۆنێكدا زەردەشت بووە، لە دۆنێكی تردا عیسا بووە، هەروەها لە زەمەنی ئیسلامیش دا بووە. ئیتر یارانی تر بەو جۆرەبوونە، كە بریتین لە (4) فریشتە و (٧) تەن (هەفتەوانە)، چلتەن و چلانە، هەفتا و دوو پیر و ئەوانی تر.

یارسان هاتووە خۆی بە پوختە و جەوهەری هەموو ئایینەكانی پێش خۆی داناوە. هەروەها دەورە بە دەورە هاتووە، واتە: بازنەییە نەک ئاسۆیی. فەیلەسوفانی ئەڵمانی كارل ماركس و فریدریك هیگل و فریدریک نێچە، لە ژێر كاریگەریی فەرهەنگی زەردەشتیدا بڕوایان وایە كە زمان و مێژوو بەشێوەی بازنەیی (دەورە بە دەورە) پێشدەكەوێ، نەك ئاسۆیی. ئەمە لە فەلسەفەی هیندیشدا تا ئەمڕۆ ئاشكرایە. چونكە خەتی ئاسۆیی لە خاڵێكەوە بۆ خاڵێكی دیكەیە و... ئیتر رادەوەستێ و تەواو دەبێ. بەڵام خەتی بازنەیی (دەورەیی) یا ئەستوونی قەت نابڕێتەوە.

یارسان بە دەورەیی هاتووە و بە دەورەیی دەڕوات. دوای سوڵتان ئیسحاق دەورەیەكی دیكەی گرنگ هاتەوە، لە گوندی توتشامی ناوچەی گۆران/كرماشان، بە دەستی عارفی خواناسی گەورە (سەید براكە) ساڵی 1872ی زایینی لە دایكبووە، دەركەوت كە پیرێكی زانای یارسان بوو، چل كەسی لێ گردبوونەوە بە ناو (چلتەن)، بەناوبانگترینیان (دەورێش نەورۆزە). ئەم مەكتەبە تازەیە سەدان هەزار موریدی پەیدا كرد و تەكیەكەیان (جەمخانەكەیان) هێشتا بەردەوامە. دیارە لە داهاتووشدا دەورەی دیكە دەردەكەوێ.

مەبەستم بیرۆكەی پێشكەوتنی بازنەیی (دەورەیی) فەرهەنگی یارسانە.

لە سەدەی دووی كۆچی دا بالوولی دانا بانگی هەڵداوە تا ئایینەكە بە زمانی كوردی (گۆران) نوێژەن بكەنەوە.

لە سەدەی سێیەم و نیوەی چوارەم زانایەكی گەورەی دیكە دەركەوتووە بەناوی (شاخۆشین) كە پەڕەی بە ئایینی یارسان داوە و بەكارهێنانی تەمبوور (تەمیرە) و سازی مۆزیكی جۆربەجۆری لە رێوڕەسمی یارسان رەواج داوە.

ناوی چەند لە یاران و هاوكارانی شاخۆشین: دایە جەلالە، دایكی شاخۆشین، لیزا خانم جاف، فاتمە لوڕە و بابا تاهیری هەمەدانی كە لە دەفتەری (سەرانجام)ی كتێبی ئەسڵی یارساندا كەلام و فەرموودەی بە زاری گۆران هەیە، وەلێ چوارینە شیعرەییەكانی بە زاری لوڕی داناوە.

هەندێ رووناكبیری كورد هێشتا بابا تاهیر بە پەیڕەوی یارسان نازانن!!
تا سەدەی هەفتەم دەبینین كە ئایینی یارسان ئەم دەڤەرانەی گرتووەتەوە: لوڕستان، هەمەدان، كرماشان، گۆران و هەورامان، كوردستان (رۆژهەڵات)، شارەزوور و دەشتی بەغدا و كەركوك و موسڵ.

لە هەموو ئەو جێگایانە دا ئاسەوار و مەزارگە و ئارامگای زانایان و عارفانی یارسان هەن و ماون. هەندێكیان بوونەتە زیارەتگای خەڵكی غەیری یارسانیش، وەك: پردێوەر، ئارامگای سوڵتان ئیسحاق، هەروەها باوە (بابا) یادگار، بابا گوڕگوڕ، شا برایم لە بەغدا، خان ئەحمەد (ئیمام ئەحمەد) لە كەركوک، كەل داود لە باشووری كرماشان، بابا بزورگ لە لوڕستان و چەندین جێگە لە هەمەدان و سەرانسەری هەورامان، بەتایبەتی پیر شالیار.

مەبەستم لە هێنانەوەی ئەو كورتە باسە ئەوەیە تا ئەو فەرهەنگە بە زمانی كوردی (گۆران) گرێ بدەمەوە. چونكە لە ئەسڵدا تێكستەكانی یارسان (كە چەندین هەزار رووپەڕی قەوارە گەورە دەبن بە شێوەزاری گۆرانی كوردی دانرون: تەنیا قوشچی ئۆغڵی كە یارێكی ئازەربایجانی بووە زۆربەی كەلام و فەرموودەكانی یارسانی بۆ زمانی ئازەری و زمانی توركی وەرگێڕاوە. سەدان هەزار ئازەربایجانی و تەبرێزی و ئەردەبیل و زنجان و ورمێ و ماكۆ و قەزوین و هەمەدان و تەهران و جێگەی تر پەیڕەوی ئایینی یارسانین و سەدان جەمخانەیان دامەزراندووە.

ئایینی كوردان:

دەگەڕێمەوە رۆژانی هەوەڵی پەیدابوونەوەی یارسان. بابا سەرهەنگ دەودان (ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی كۆچی) لە تێكستەكەی دا بە زاری گۆران دەبێژێ:
سەرهەنگی دەودان سەرهەنگی دەودان
ئەز كە نامێمەن، سەرهەنگی دەودان
چەنی ئێرمانان (یاران) مەگێڵیم (دەگەڕێم) هەردان (سەرزەمینەكان)
مەكۆشم (تێدەكۆشم) پەرێ (لە پێناو) ئایینی كوردان
واتە بابا سەرهەنگ بۆ پەیدا كردنەوەی ئایینی كوردان دەگەڕێ. كە یارسانە.
دیسان دەربارەی زمانی یارسان، سەید فەرزی (دەیەمی كۆچی) دەروێشێكی عارفی دیكە دەڵێت:
لەوز عەرەبیمان گێڵانە دەوران
كەردمان كەڵام وە لەوز گۆران
واتە: لەفزی (زمانی) عەرەبیمان وەرگێڕایە سەر قەول و كەلامی لەفزی گۆرانی (كوردی).

كەوابێ، یارانی ئەم ئایینە زانیویانە چیدەكەن. دوای هاتنی ئیسلام بە كەمتر لە دوو سەدە یەكەمین زمانی غەیری عەرەبی لە جیهانی ئەو سەردەمەی ئیسلامیدا تەنیا كورد بوونە، كە بە زمانی پەهلەوی (پالەوی) هەورامی كوردی، ئایینی كۆنی خۆیان تازە كردۆتەوە. هەر بۆیەش یاران ئەوەندە پێدادەگرن لە كوردبوونی خۆیان و زمان و ئایینەكەیان، كە هەمووی كوردییە. هەروەها تەواوی راز و رەمز و هیما و رێوڕەسمەكانی سەردەمی زەرڤانی و میترایی و زەردەشتی زیندوو دەكەنەوە.

تێكستەكانی (سەرانجام)، كتێبی سەرەكیی یارسان، تەژیی ئەو راز و هیمایانەیە.

لەسەر ئەسڵبوونی یارسان یارێكی عارفی ئایینە رادەگەیەنێ:

\"ئەسڵمەن چ كورد... ئەسڵمەن چ كورد\"
واتە ئەسڵ و رەسەنی من كوردە. سووربوون لەسەر خۆناساندن بە كورد و، زمان و ئایینەكەی بە كوردی، كاردانەوەی سالانێكی دوور و درێژی بێبەشی و چەوسانەوە و نژادپەرستییە.

سەرەڕای ئەوەش، ئایینی یارسان خۆی لە چوارچێوەی تەسكی زمانی كوردی و نەتەوەی كورد ئەسیر و زیندانی ناكات، بەڵكو بانگی جیهانگەرایی و مرۆڤایەتی گشتگیری دەدات و، تەواوی ئایین و مەزهەبەكان و رێبازگەلی عیرفانی و سۆفیزمی بەر لە خۆی، لە هەناوی خۆیدا دەخوێنێتەوە و، لە روانگە و فەلسەفەی دنیا بینی خۆیەوە دایدەڕێژێتەوە.

تەنیا كلیلی زانینی ئەو راستییە لە فەلسەفەی دۆناودۆنە كە زەمان و كات و جوگرافیا و نیشتمان و سنوور رەنگ و نژاد نازانێت. یارسان باوەڕیشی وایە كە سەرانجام هەموو خەڵک دێنە سەر رێگای راستی.

لە (گەواهی هەفتا و دوو پیرە و شەست و شەش غوڵام و هەفتەنەكان)، كەلە سەرانجام دا هاتووە) دەخوێنین كە دەیان پێڕە و عاشق و دەروێشی یارسان لە سەرانسەری دنیاوە، لە سەدەی هەفتەمی كۆچی، دێنە هەورامان و لە پردێوەر (بارەگای ئەسڵی سوڵتان ئیسحاق)، بە ئایینی یارسان سەردەسپێرن (قبووڵی دەكەن).

ئەو جێگەیانی لێوە هاتوون لە هەموو كیشوەر و وڵات و شاری ناسراوی ئەو سەردەمەیەن: چین، هیندستان، ماچین، بەلگار، فەڕەنگستان (ئەوروپا)، مەغریب زەمین، میسر، شام (دیمەشق)، بەیروت، ئەستەمبوول، ئەنادۆل، شاری زازا (مەبەست ناوچەی زازاییە)، بەغدا، كەركوك، كابل، هەمەدان، تەبرێز، ئەربیل، بەسرە، بابل، یەمەن، لوڕستان، پارس (فارس)، ئەردەبیل، موسڵ، زاخۆ، مازندەران، شیراز، تكریت، كرمانج (دەبێ مەبەست باكووری كوردستان بێ)، كەلدان، بەڕبەڕ، گەرگەڕی، رووسا (رووسیا)، مەندان، كەرەج، و دەیان شار و وڵاتی دیكە. هەندێ جێگایان ئێستا نازانرێت، یا نەماون، یا ناوی تریان هەبووە وەك: خاك كا، باقری، بوراز، سۆلە، خامری، نەوا، قودرەت، سەمات، نانی، لاج لاج، میرفەت، ڕەواق، زیانە، رەوان، زلان، قرقیمە، كەل هادی، بەندەر (نازانرێ كام بەندەرە كە ژمارەیان زۆرە)، قەلاخ، مەتیتی، نەملۆ، ئیوان، جەگیر، سعود (ئەو سەردەمە ناوی سعودییە نەهاتبووە ئاراوە)، قەنات، سەلیب، قەلاسوف، شرەف، ساتان، ئەناران، مورخەت، خەتیب، حەزین، كۆزەرد، سۆران (كوێی سۆرانی ئەو سەردەمە؟)، زەقەن، نەجد دین (رەنگە نەجدی ئێستای ولاتی سعودییە بێ)، كەعبە (مەبەستی مەكەیە)، سەموم، زەردە، هەویرە، زەرانی، فەتار، مەندان، مەنات، شەمام، سەركێوی، نەلامەت، قەرە پاپا (ئایا شاربووە، یا كۆمەڵگەیەكی خەڵكی قەرە پاپایە؟)، سورخەت، خەتا، هاشم، لەمسا (ئایا مەبەستی نەمسا/ ئەویستریای ئێستایە؟)، خاوەر، زیبا، قوم (شارێك بەو ناوە هەیە لە ئێران)، فروغ، قشاوی، كەمال، فەرجام، بەشیر، و چەندین ناوی دیكە... كە نازانرێ لە كوێن.

سەفەری مەعنەوی و دۆناودۆن:

دۆناودۆن، لە جەوهەردا رۆحی مەعنەوییە، بە گواستنەوەی مەغزی رۆح لە قاڵبی جەستەیەكەوە بۆ جەستەیەكی دیكە دەكرێت، لە چەشنی (فلاش میمۆری كەمپیوتەر).

بەڵام تا ئێستا نەزانراوە و تەفسیریش نەكراوە ئایا حزووری ئەو پیر و مورید و عاشقانە لە سەرانسەری دونیاوە بۆ هەورامان، لە سەدەی هەفتەمی كۆچی (مشەختی)دا چۆن چۆنی بووە؟ ئایا سەفەری مەعنەوی بووە؟ یا حزوری رۆحی دوور بە دوور بووە كە لە رێوڕەسمی عیرفانی كۆندا باو بووە؟ یا دۆناودۆنەو، ئەو خەڵكە قاڵبی خۆیان بەجێهێشتووە و رۆحیان لە هەورامان هاتۆتە قاڵبی دیكەوە؟ یا بە خۆیان، بە جەستەی فیزیكی ئامادەبوونە. ئەوەش بە پێی مەنتیقی زاهیری (رواڵەتی) و عەقڵ رێی تێ ناچێت، چونكە لە رێگەی هەرە دووری هەورامانەوە هاتوون و زمانی كوردی/ گۆرانی هەورامی – پەهلەوییان نەزانیوە.

وەلێ هەموویان بەو زمانە كوردییە بە شێوەی شیعری رێكوپێكی كێش و سەودا گەواهی خۆیان داوە و لە تۆماری پردێوەر، لە پێش شای هەورامان، كە سوڵتان ئیسحاقە ناو و ناونیشانی خۆیان نووسیوە، وەكو بڵێی لە كۆنگرەیەكی مرۆڤایەتی هەمەلایەنە ئامادە بوونە.

وەک گوتم: راز و نهێنی ئەو كارە نەزانراوە و زەحمەتە بدۆزرێتەوە. ئەوە یەكێكە لە دەیان رەمز و راز و نهێنی ئایینی یارسان، تا ئێستا بە (سەرمۆری/ واتە نهێنی و نەكراوەیی) ماونەتەوە.

بۆچی گۆران/ هەورامانی – پالەوی (پەهلەوی) بووە بە زمانی یارسان؟
ئا ئەوە پرسی سەرەكی ئەم بابەتەیە كە لە ئایین و زمان دەكۆڵێتەوە. دیارە ئاڤێستای زەردەشت بە زمانی مادی (میدی) نووسراوە چونكە بۆ میللەتی ماد دەركەوتووە. (هەر قەومێک بە زمانی خۆی پەیامبەرێكی بۆ نێردراوە)، لە قورئاندا هاتووە.

كەوابێ، ئەمجارەش، لە سەردەمی تازە بوونەوەی ئایینی یارسان دەبێ بە زمانی خەڵكی هەورامان و لوڕستان و گشت كوردستان دەربكەوێتەوە (تەجەللی بكات).

لە واقعیشدا ریشە و ئاسەواری گشت شێوەزارەكانی كوردی لە تۆی (سەرانجام) و دەفتەرەكانی دیكە دەبینینەوە، چ زازایی و كرمانجی سەروو، یا كرمانجی خواروو و (سۆرانی ئێستا) و كەلهوڕی و هەورامی و باجەلانی و رۆژبەیانی و زەنگەنە و كاكەیی عێراق و گۆران و فەیلی و لوڕستانی ... بۆ نموونە هەندێ كەس وەها دەزانن، كە زاری سۆرانی نزیكەی دوو سەدە یا كەمێک زیاتر بەكار دەهێنرێت، لەكاتێكدا لە سەدەی حەوتەمی كۆچیدا (واتە چوارسەد ساڵ پێشتر ) زمانی سۆرانی جاف، لە دیالۆگی عابەدین جاف و نەرگس خانمی جاف و كۆمەڵێک زانا و مەلای موسڵمانی شارەزوور، لە تۆی كتێبێكدا، بەكار هاتووە.

هەروەها لە زاراوەی گۆران –هەورامانی، وەک كرمانجی سەروو، (نێر و مێ) هەیە. (ئەز) و (ژ) وەک كرمانجی بەكاردێن و، نموونەی دیكە زۆرن.

لە بەراوردێكی خێرادا دەردەكەوێ كە شێوە زاری گۆران/هەورامانی درێژە پێدانی زمانی ئاڤێستایی مادیە، هەروەكو زاری (زازاییش وەهایە). هەر بۆیە ئەم دوو زارە لە زاراوەكانی دیكەی كورد، لە زمانی ئاڤێستا پەهلەوییەوە، نزیكترن.

زۆربەی رۆژهەڵاتناسان زاری گۆران/هەورامی بە پەهلەوی (پالەوی) ناو دەبەن. ئەمیش ئاڤێستاییەكەیە (ئەگەر لە سەدا سەدیش وا نەبێ، ئەوە ئێجگار لێكەوە نزیك و هاوبەشن).

مێجەرسۆنی رۆژهەڵاتناس دەڵێت كە زمانی ئێستای كوردی تەنیا زمانی رۆژهەڵاتی ناڤینە كە نەچووەتە ژیر كاریگەریی زمانی عەرەبی (بێگومان وشەی عەرەبی وەرگرتووە)، بەڵام دەنگ و رێزمان و گرامەری وەك خۆی ماوەتەوە.

ناوەڕۆک و شێوە:

دیارە دەبێ شێوەی دەربڕین لە ئاست و راستا و ئاراستەی ناوەڕۆک بێت.

ناوەڕۆكی ئایینی یارسان بوژانەوە و نوێكردنەوەی زەردەشتی و ئاییەن كۆنەكانی قەوی ماد و ئارییەكان بووە.

دیارە زمانی دەربڕینیشی دەبێ نزیک ببێ لە زمانی كۆنی ئەو ئایینانە كە ئاڤێستایی مادی پەهلەوییە.

گرنگیش ئەوەیە پێشەوایانی یارسان لە بالوولی داناوە، سەدەی دووەمی كۆچی تا دوو سەدەی دوایی، توانیانە بە كەرەستەی زمانی گۆران – هەورامانی هەم شێوەیەكی بەرزی هونەری شیعری دابڕێژن، هەم مانا و زانیاریی فەلسەفی وردی ئەو ئایینانە دەرببڕن. مەگەر یەكێك لە نزیكەوە شارەزای زمان و ئایینەكە ببێ ئەمجا دەزانێ چ كارێكی موعجیزەیە (پەڕجودە).

نهێنی ئەم كارە لە كوێیە؟

یەكەم: بەلای منەوە: نهێنییەكە لەمەدایە: پێشەوایانی یارسان هەموو زمانی كوردی گۆران – هەورامییان باش زانیوە. كەواتە: بە زمانی زگماكی خۆیان بیریان كردۆتەوە و نووسیویانە.

دووەم: دیارە زمانی كوردی – گۆران سەدان ساڵ بەر لە بالوولی دانا بەكارهێنراوە، واتە: خەڵكی ئەو زەمانە ئامادەبوونە بۆ وەرگرتن و پەڕەدانی هەر ئایینێكی نزیكی باوەڕی كۆنی خۆیان، بە زمانی زگماكی خۆیان. وەكو زمانی عەرەبی و سریانی سەردەمی خۆی.

ئالێرەوەیە گرنگی بەكارهێنانی زمانی دایک، زمانی زگماک دەردەكەوێ، كە چاكترین شێوەیە بۆ بیركردنەوە و پێشكەوتنی فكری و رۆحی هەر میللەتێك. هەركەسێك، لە سەرانسەری جیهاندا، سەرەتا بە زمانی دایک فێر دەبێ و پێش دەكەوێ. ئەوە مەرجی سەرەكییە.

ئا ئەوە حەقیقەتێكی تاڵ و مەینەتبارمان بۆ دەردەخات كە بێبەشبوونی میللەتی كورد لە بەكارهێنانی ئازادانەی زمانی زگماكی خۆیان لە هەزار و پێنجسەد ساڵ تەمەنی نەتەوەكەماندا، چ زەرەر و زیانێكی هەرە گەورەی لێداوین. ئێستاش هێشتا، لە باشوور نەبێ، كوردانی باكوور و رۆژهەڵات و رۆژاوا بێبەشن لە ئازادی و پێداویستەكانی بەكارهێنانی زمانی زگماكیان لە بواری فێربوون و پەروەردە و نووسین و دەربڕین و ئاستەكانی دیكەی ژیاندا.

ئەوەش نهێنییەكی وجودی نەتەوەی كوردە، كە دەیان سەدەی بێبەشی و تەپەسەری و كوێرەوەری نەیتوانیوە ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بشكێنێ، یا زمانەكەی لە بیر بەرێتەوە.

هەر بۆیەش دەبینم كە ئەگەر هەموو كورد تەنیا لە بواری زمان و فەرهەنگدا ئازاد ببن ئەوە بە چەند ساڵ زۆربەی میللەتانی دیكەى بەجێ دەهێڵن.

كەواتە زمانی زگماک وزەیەكی بزوێنەری رزگاریخوازیی نەتەوەكانە.
ئالێرەشدا بە دوایین خاڵ و، ئەنجامگیریی ئەم لێكۆڵینەوەیە دەگەم، كە ئایا بەر لە هەزار و دووسەد ساڵ، دەركەوتنی زانایەكی عارف وەك بالوولی دانا چ پێویستییەكی نەتەوەیی كورد بووە؟ و ئایینی یارسان چ رۆڵێكی لە بزاڤی نەتەوەییدا بینیوە؟

لە وەڵامدا دەگەڕێمەوە بۆ مانا و تەفسیری ئایینی یارسان بە زمانی كوردی گۆران – هەورامانی و بە كورتی دەبێژم: كە یارسان راپەڕین و بزاڤێكی فیكری فەرهەنگی كۆمەڵایەتی و سیاسی بووە، لە جەوهەردا كاردانەوەی سەدان ساڵ ستەم و چەوسانەوە و تەپەسەری و بێبەشكردنی بووە، هەروەكو فەیلەسوفی ئێرانی (ئیحسان تەبەری) ساڵانی پەنجاكان و شەستەكان دەینووسی كە یارسان (كاكەیی) بزاڤێكی كۆمەڵایەتی فەرهەنگی رزگاریخواز بووە لە قولایی چەوساوە و هەژارانی چیای زاگرۆسەوە سەریهەڵداوە.

ئەزیش لەو باوەڕەدام. وەلێ مخابن! خودی رووناكبیرانی كورد تا ئێستا ئەو حەقیقەتە نازانن، یا دەزانن و پشت گوێی دەخەن و لە كەلتووری زاڵی باڵا دەستی ئەو وڵاتانەی كوردیان تێدایە (و لە دەسەڵاتی حكومەتەكان) دەترسن. واتە: مێشكی خۆیان رزگارنەكردووە لە كەلتووری میللەتانی باڵادەست. مێشكمان داگیركراوە!

ئەز باوەڕم رۆژی ئازادی پرشنگی داوە، ئیتر شاردنەوەی ناوێ و ترس و لەرز و دوو دڵیی پێ ناوێ!

ئەم نووسراوەیە کە لەلاپەڕەی \"نامیق هەورامی\" وەرگیراوە، دوایین پێشەکیی نووسەری کۆچکردووی کورد فەلەکەدین کاکەییە کە بۆ کتێبی (هەورامی، زمانی ئایینی یارسان) بەرهەمی \"نامێق هەوارمی\" نووسیویەتی، کە ئیستا لە ژێر چاپدایە.