ئاژانسی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی زیاتر لە سەر کوژرانی فریشتە دێهقان لە شاری سەردەشت بڵاو دەکاتەوە

17:11 - 5 رێبەندان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، ژنێکی لاو، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری نەڵاسی سەردەشت بە ناوی "فریشتە (سۆنیا) دێهقان" لەژێر ناوی "نامووسـ"ـی، لەلایەن ئەندامانی نزیکی ئەو بنەماڵەیەوە لە ئەنجانی ئازار و ئەشکەنجە و خنکاندندا، کوژرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو ژنە لاوە لە وتووێژێکدا، لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: چوار کەس لە کوژرانی سۆنیا دەستیان هەبووە، کە دوو کەس لەو چوار کەسە بە ناوەکانی "کەیوان دێهقان (برای کوژراوەکە) و هێدی دێهقان (ئامۆزای کوژراوەکە)"، دەسبەسەر و ئەو دوو کەسەکەی دیکە هەنووکە، دەسبەسەر نەکراون.

ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار، لە کاتێکدا کە سۆنیا لە ئارایشگا خەریکی ئیش و کار ببوو، لەلایەن براکەی وئامۆزاکەی بە زۆری، دەیبنە دەرەوەی شار و لە ئەنجامی ئازار و ئەشکەنجە و خنکاندن دەیکوژن و جەنازەکەی لە هەمان شوێن چاڵ دەکەن.

دایکی سۆنیا، پاش ناڕوونیی هەواڵی کچەکەی، دژی ئەندامانی بنەماڵەی باوکی سۆنیا سکاڵا تۆمار دەکات و دەسبەجێ براکەی کە تەمەنی ١٩ ساڵ بووە لەگەڵ ئامۆزاکەی سۆنیا، لەلایەن ئیدارەی ئاگایی  شاری سەردەشت دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوەیان، دان بە کوشتنی سۆنیا دەنێن وهەروەها شوێنی چاڵکردنەکەی لە تەنیشت بەنداوی سەردەشت، ئاشکرا دەکەن.

ڕاپۆرتی پشکنینی سەرەتایی جەنازەی فریشتە (سۆنیا) دێهقان:

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو پشکنینە لە بەڵگەیەکدا کە بە دەست ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە؛

دەست و لاقەکانی سۆنیا پێش لە گیانلەدەستدانی بەسترابووە و شوێنی ڕەش و سوربوون و سواوی، لە سەرمەچەکی دەست و لاقی دیار بووە.

هەروەها لای چەپی سەری سۆنیا بەدرێژایی ٥ سانتیمتر قڵیشاوە و پانتایی ١ هەتا ٢ سانتیمتر بە جۆرێک کە ئێسکە سەری (جمجمە) دیار بووە و سواوی بە درێژایی و پانتایی نیوسانتیمتر،لە لای ڕاستی سەری هەبووە و کە بەهۆی لێدانی شتی قورسەوە بووە.

لە بان زمانی شوێنی قەپگرتن دیار بووە.

لە سەر ملی شوێنی ڕەشبوونی خنکاندنی سۆنیا بە درێژایی نیوسانتیمتر دیار بووە.

شوێنی ڕەشبوون و سواوی لە نێوقەدی، لاقی ڕاست و چەپ، ئەژنۆ و قولاپەی پێی دیار بووە.

وردەکاری لە سەر ژیانی فریشتە (سۆنیا) دێهقان:

فریشتە یەکێک لەو ژنانە بووە کە قوربانیی منداڵ هاوژینی (کودک_همسری) بووە و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا و لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

فریشتە پاش ٦ ساڵ ژیانی هاوبەش، لە ساڵی ٩٦ بەهۆی "کێشەی بنەماڵەیی" لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە و لە ماڵە کۆنەیەکی داپیرە وباپیرەی( پدربزرگ و مادربزرگ)، لە شاری سەردەشت ژیاوە.

سۆنیا کە دایکی منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵان بووە، لە جیاتی مارەیی سەرپەرەستی منداڵەکەی لە ئەستۆ گرتبوو.

پاش هەڵبژاردنی ژیانێکی سەربەخۆ لەگەڵ منداڵەکەی، سەرەڕای پێویستی ماڵیی لە ئارایشگایەکدا، خەریکی کارکردن دەبێت، بەڵام لەگەڵ دژایەت توندی براکەی و ئامۆزاکەی بەرەڕوو دەبێتەوە و لە ئەنجامی دژایەتی و هەڕەشەی ئەوان دەکوژرێت.

سۆنیا کە بۆ خۆی منداڵی تەڵاق (فرزند طلاق) بووە لە ساڵانی پێشوودا، دایک و باوکی سۆنیا بەهۆی گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان، لە یەکتر جیا دەبنەوە و هەنووکە باوکی سۆنیا لە زینداندایە.

تەرمی ئەو ژنە لاوە پاش چەند ڕۆژ ڕاگیرانی لە پزیشکی یاسایی، ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندان، لە شاری "نەڵاس" و لەلایەن ئەندامی بنەماڵەی دایکییەوە ئەسپەردەی خاک دەکرێت.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی سۆنیا؛ هۆکاری کوژرانی ئەو ژنە لاوە، بەقسەنەکردنی بڕیاری برا و کوڕە ئامۆزاکەی بووە و دژایەتیی ئەوان لەگەڵ کارکردنی سۆنیا لە ئارایشگا بووە.

لەمەڕ کوژرانی ژنان، کاتێک کوژرانی ژنان بە پاڵنەریی پاراستنی ئابڕوو و شەرەفی بنەماڵەی بێت، دەچێتە خانەی "قەتڵە نامووسییەکانەوە"، حاڵەتگەلێک لە مڵنەدان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی زۆرەملێ، قوربانیبوونی دەسدرێژیی جینسی، تەڵاق وەرگرتن، پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ لایەنەی بەرانبەر، زینا کردن، خۆبواردن لە قسە و داب و نەریتی بنەماڵە و هەتا دوایی... دەتوانێ شەرافەت و ئابڕووی بنەماڵەکەی "لەکەدار" بکات و ئەمەش هۆکارێکە بۆ "قەتڵە نامووسییەکان" لەلایەن بکوژەکانەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ٩٩، هەتا ئێستا، سەرجەم، ١٤ حاڵەت کوژرانی ژنان بە پاڵنەری نامووسی، کێشەی بنەماڵەیی و هەتا دوایی.... لە کوردستان ڕووی داوە.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە