ئاو، بەرق و گازی مزگەوت و حوسێنییەكان بوو بە خۆڕایی/گران بوونی نرخی وزە بۆ بەكارهێنەران

14:40 - 25 بانەمەڕ 2712
كوردپا: بەپێی گەڵاڵەی پەسند كراوی \"مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران\" هەزینە و نرخی بەكارهێنانی بەرق، ئاو و گاز بۆ مزگەوت، حوسێنە و دارولقورئانەكان لە ئێران بۆتە خۆڕایی و لە بەرامبەردا نرخی ئەو پێداویستیانە بۆ هاووڵاتییان روو لە زیادبوونە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری نیوە فەرمیی حكوومەتیی \"میهر\" لە كۆبوونەوەی ئاشكرای رۆژی دووشەممەی مەجلیسی ئێران و لە درێژی وردەكارییەكانی تاوتوێی بوودجەی ساڵی 1391، هەزینەی بەكارهێنانی بەرق، ئاو و گاز بۆ مزگەوت، حوسێنە و ناوەندە دینییەكان بەخۆڕایی دەبێت.

پەسند كردنی گەڵاڵەیەكی لەم چەشنە لە راستای جێبەجێ‌ كردنی قۆناغی دووەمی ئامانجدار كردنی یارانەكان دایە و مەعاف كردنی ئەو دامەزراوە دینی و ئایینیانە لە دانی پارەی ئاو، بەرق و گاز كە لەلایەن ناوەندە حكوومەتییەكانەوە بەڕێوە دەچن، لەلایەن هێندێ‌ لە نوێنەرانی مەجلیسەوە دژایەتی لەگەڵ كرا و ئەوانیش لەو باوەڕە دان نەدانی پاەری ئاو و بەرقی مزگەوت و حوسێنییەكان بارێكی گران لەسەر شانی خەڵك كەم ناكاتەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە هێندی ناوەندی فەرهەنگی و هونەری لە ئێران هەن كە بەبێ‌ جیاوازی هەزینەی ئاو و بەرق و گاز دەدەن بەبێ‌ ئەوەی كە سەرچاوەیەكی داهاتیان هەبێت.

جێبەجێ‌ كردنی ئەو یاسایە لە كاتێك دایە كە جیا لە ئیسلام مەزهەب و ئایین و ئایینزای زۆر لە ئێران وەك: ئەرمەنی، مەسیحی و كەمایەتییە مەزهەبییەكانی دیكەش بوونیان هەیە كە ئەو یاسایە نایانگرێتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی نوێنەرانی كەمینە ئایینیەكان كە هەمیشە پەراوێز دەخرێن.

لەلایەكی دیكەشەوە هاوكات لەگەڵ ئامانجدار كردنی یارانەكان، نرخی گاز، ئاو و بەرقی ماڵان بە شێوەیەكی زۆر زیادی كردووە و ئەمەش بۆتە هۆی زەخت و گوشارێكی ئابووری لەسەر هاووڵاتییانی ئێران.