ئارمین ئێسپێرلووس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا

17:22 - 8 رەزبەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەر، ئارمین ئێسپێرلووس، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە کوردە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئارمین ئێسپێرلووس بە دەرکردنی بڕیاری دەسبەسەرکردنی بۆ ماوەی مانگێک لەلایەن دادستانییەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە ژینگەپارێزە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتیی ئێران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی رەشەمەی ساڵی ٩٧، ئارمین ئێسپێرلووس لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە گوێزرابووە و پاش دوو مانگ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ فەرانەک جەمشیدی ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان و هاوژینی ئارمین ئێسپێرلووس بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی کانوونی چاکسازی و پەروەردەیی سنە کرابوو.