۱۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ کەیهان محەممەدی، وێنەگری خەڵکی کامێران، لە حەڤدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وێنەی FOKUS Award 2026 لە وڵاتی ئاڵبانی، لە نێوان ٥٦٠ بەشداربوو لە ٥٢ وڵات، پلەی یەکەمی بەشی بابەتیی "هەناسە"ی بەدەست هێنا. ئەو لەم بەرهەمەدا کەڵکەڵەی خۆی لەهەمبەر پیسبوونی ژینگە، بەکارهێنانی زێدەڕۆیانە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و مافی هەناسەدانی بە زمانی وێنە، وێنا کردووە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی FOKUS Award 2026 لە وڵاتی ئاڵبانی و بە هاوکاریی گالێرییە هونەرییە باوەڕپێکراوەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە گالێریی Vilson Kilica لە شاری فیێر (Fier) بەڕێوە چوو. دەستەی نێوبژیوانانی نێودەوڵەتیی ئەم ڕووداوە، دوای پێداچوونەوەی بەرهەمی ۵۶۰ وێنەگری بەشداربوو لە ۵۲ وڵاتەوە، بەرهەمی Synthetic Respirationی وەک پلەی یەکەمی بەشی سەرەکیی هەڵبژێردراوی ساڵی ۲۰۲۶ ناساند.
چەمکی هونەریی بەرهەمی «هەناسەدانی دەستکرد» (Synthetic Respiration) دەپەرژێتە سەر ڕەخنەگرتن لە بەکارهێنانی زێدەڕۆیانە، تێکدانی ژینگە و پیشەسازیبوونی ژیانی مرۆڤ. «هەناسەدانی دەستکرد» لەم بەرهەمەدا بەم واتایەیە کە مرۆڤی ئەمڕۆ، لە ئەنجامی پیسبوونی بەرهەمهاتوو لە چاوچنۆکییە پیشەسازییەکان، مافی سروشتیی هەناسەدانی هەوای پاکی لەدەست داوە و زیندوومانی بە ئامراز و پرۆسە دەستکردەکانەوە بەستراوەتەوە.
«کەیهان محەممەدی» بە ڕەچەڵەک خەڵکی «کامێران»ی سەر بە پارێزگای سنەیە. ئەو دەرچووی بواری هونەرە بینراوەکانە (هنرهای تجسمی) و وەک مامۆستای هونەر لە قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەیییەکاندا چالاکی دەکات. بەرهەمەکانی کەیهان محەممەدی پێشتریش لە پیشانگە و گالێرییە نێودەوڵەتییەکاندا، لەوانە گالێریی «بلوراینۆ» لە لەندەن، نمایش کراون و خەڵاتی لە ڕووداوە هونەرییەکاندا بەدەست هێناوە.




-640x360.png)
