٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «یەدوڵڵا مەتاعی»، هاووڵاتیی خەڵکی دێولان و ڕاهێنەری کاراتە بە ٣١ ساڵ پێشینەی چالاکیی وەرزشی کە پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ،ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن حەراسەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنەوە لە بەردەوامبوون لە چالاکیی وەرزشی، ڕاهێنەری و کردنەوەی هەر جۆرە یانەیەک بێبەش کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ئەم سزایە بە شێوەی زارەکی و دوای بانگهێشتکردنی «یەدوڵڵا مەتاعی»، ڕاهێنەری ٤٥ ساڵان، بۆ بەشی حراسەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە، لەلایەن ئەم دامەزراوە ئەمنییەوە پێی ڕاگەیەندراوە. هەروەها سەرجەم بەڵگەنامە و گرێبەستەکانی لە یانەی پارێزگای سنە لە حراسەتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دڕێنراون و پێیان وتووە؛ «تۆ بۆ هەمیشە لە ڕاهێنەری دەرکراویت».
هاوكات، لە هەمان ڕۆژدا، ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ڕێگری لە ئامادەبوونی «یەدوڵڵا مەتاعی » بۆ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە قارەمانان، ڕاهێنەران و پێشەنگەکانی وەرزشیی شارۆچکەی دێولان کرا و ناوی لەم ڕێوڕەسمە سڕدرایەوە.
«یەدوڵڵا مەتاعی» لە ساڵی ١٣٧٤ەوە وەک وەرزشوان و راهێنەری کاراتە چالاکی دەکات و ٣١ ساڵ پێشینەی چالاکیی لەم بوارەی هەیە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ و پەیوەندیدار بە مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا-مەهسا ئەمینی دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و لە کۆتاییدا سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها ناوبراو لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بانگی دامەزراوە ئەمنییەکان کرا.
پێشتر میدیای حکوومەتیی ئیرنا ڕایگەیاندبوو کە «فەرزاد خاکی»، لە بەڕێوەبەرانی بواری وەرزش لە پارێزگای سنە، لە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا وەک سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی سنە دەستنیشان کراوە. ناوبراو پێشتر جێگری وەرزشی قارەمانیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی سنە و سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی شارۆچکەی سەقز بووە.





