٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ بنەماڵەی ژینا-مەھسا ئەمینی، لەوانە ئەمجەد ئەمینی، موژگان ئێفتخاری و ئەشکان ئەامینی، باوک، دایک و برای ناوبراو، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد ئاریایینژاد، نوێنەری بناژۆخوازی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە وتبووی: «بینیتان مەھسا ئامینی چووە دۆزەخەوە؟ و وڵات هەشت مانگ ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی ئاژاوەگێڕییەکان بووەوە»، بە بڵاوکردنەوەی دەقێک لە ئینستاگرامیاندا، ئەم لێدوانانەیان مەحکووم کرد.
بنەماڵەی ژینا لەم دەقەدا، وێڕای ئاماژەدان بە میراتی ئازادی و سەربەستیی ژینا بۆ کوردستان و ئێران، بێڕێزیکردن و ئەدەبیاتی بەکارهاتوو لەلایەن ئەم بەرپرسەی حکوومەتیان بە بێڕێزی بەرانبەر بە ژینا، بنەماڵەکەی و تەواوی خەڵکی کوردستان و ئێران زانی و جەختیان کردەوە؛ لە دۆخێکدا کە وڵات و لاوان و داهاتوویان بە بڕیاری کەسانی وەک ئەم تاکانە دەسووتێت، «ببڕێت ئەو زمانەتان کە وڵاتێکتان ڕەوانەی دۆزەخ کرد و لە ئاوەز و ژیری و شەرم بێبەش بوون.»
بنەماڵەی ژینا لە کۆتاییدا جەختیان کردەوە کە ناوی کچەکەیان، لە پاڵ ناوی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دیکەدا، بۆ هەتایە لە مێژووی ئێراندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، ژینا-مەھسا ئەمینیی ٢٢ ساڵان و خەڵکی سەقز، لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەی توندی هێزەکانی گەشتی ئێرشاددا و دوای چوونە کۆما لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، گیانی لەدەست دا.
قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی لە سەرانسەری ئێراندا لێکەوتەوە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی پێشکەوتووانە و مۆدێڕنی «ژن، ژیان، ئازادی» کە لەسەر ئاستی جیهاندا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو. ئەگەرچی چەند مانگ ناڕەزایەتیی جەماوەری لەگەڵ سەرکوتی سیستماتیک و هەوسارپچڕاوی حکوومەت بەرەوڕوو بووەوە و سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، بەڵام خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک چووەتە قۆناغێکی نوێوە و ئەو بزووتنەوە ئازادیخوازەی بە ناوی ژیناوە دەستی پێکرد، بووەتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی وەرچەرخانی خەباتی مەدەنی و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران لە ساڵانی دواییدا.





