۲۵ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ شەوی ڕابردوو، «داریووش ڕەحیمی»، هاوڵاتیی تەمەن ۴۵ ساڵانی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ شەوی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، هێزە ئەمنییەکان بە هەڵکوتانە سەر ماڵی «داریووش ڕەحیمی» و بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

لە ڕەوتی ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیەدا، هێزە ئەمنییەکان جیا لە پشکنینی تەواوی ماڵەکە، بێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی، مۆبایل و کەلوپەلی ئەندامانی بنەماڵەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها داریووش ڕەحیمی لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.