ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، هەشت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "جەعفەر زەریفی، محەممەد مەحموودزادە، زانا مێهری، هادی مەحموودی، ئارام ساڵحپوور، ڕەحمان ساڵحپوور، مێهدی نەوروزی و ئەحمەد حوسێنپوور" خەڵکی شاری بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵ و لە شوێنی کار، ئەو هەشت هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ڕەحمان ساڵحپوور و محەممەد مەحموودزادە، لە ماڵەکەی خۆیان و ئەو شەش هاووڵاتییەکەی دیکە لە شوێنی کارەکەیان دەسبەسەر کراون".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو هەشت هاووڵاتییە خەڵکی گوندەکانی ساوان، سێوچ و شاری بانەن".
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتیوەپاڵدراو دژی ئەو هەشت هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.





