ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، ماوەی ٤٠ ڕۆژە چارەنووسی ناڕوونە.
٤٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی "زارا محەممەدی"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" تێدەپەڕێت و هەروەها چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.
خوشکی "زارا محەممەدی"، لە فەیسبووکی شەخسیی خۆیدا سەبارەت بە ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی "زارا محەممەدی"، دژکردەوەی نیشان داوە و نووسیویەتی: "٤٠ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی زارا و ناڕوونیی تاوانەکەی، دەسبەسەرکردنی نایاسایی و بێ پاساو، ٤٠ ڕۆژە کە بۆ زارا و بنەماڵەکەی، هەر کات و هەر کاتژمێرێکی، پڕ لە ڕەنج و چاوەڕانییە".
ناوبراو هەروەها نووسیویەتی: "زارا، کارناسیی باڵای بە کۆنمرەی ئەلف لە بواری جوغرافیای سیاسیدا وەرگرتووە، ڕەنگە ئەگەر کچێکی نەخوێندوار بووایەت و لە ماڵدا دانیشتبایەت، ئەمڕۆ لە دیلی بەندی نادادپەروەریدا نەبوو. زیندان مافی زارا و زاراکان نییە".
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و "زارا محەمەدی"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.





