ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری هاتنی وەرزی هاوین و وشکبوونی پووش و پاوانەکانی کوردستان، هەموو ساڵێک بە بیانووی بوونی هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، هێزە نیزامییەکان ئاگر بەردەدەنە گیانی دارستانەکانی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە گوندی "شووشمێ"ی سەر بە شاری پاوە، ئاگریان لە دارستانەکانی ئەو گوندە بەرداوە.
لەو ئاگرکەوتنەوەدا، ژمارەیەک لە دارستانەکان و هەروەها پووش و پاوان و لەوەڕگەی ئەو گوندە سووتان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "زۆرێک لە لێڕەوار و لەوەڕگەکانی ئەم گوندە، کە سەرچاوەی مەڕدارانی گوندی شووشمێ بووە، بە هۆی ئاگرتێبەردانەوە، بووەتە خۆڵەمێش. هەموو ساڵێک سەرەڕای تۆمارکردنی سکاڵا، لایەنە پەیوەندییەدارەکان هیچ وڵامێکی ئەرێنییان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرتێبەردانە نادەنەوە."
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بە بیانووی بوونی هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، ئاگر بەردەدەنە گیانی لێڕەوارەکانی شاری پاوە."
هەر لەم پەیوەندییەدا، دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت، لە دەشتی "چەم قەڵا"، لە گوندی "دەرەتفێـ"ـی شاری مەریواندا، ئاگریان لە ژینگەی ئەو گوندە بەرداوە و سروشت و دارستانەکانی ئەو گوندە سووتاون.





