ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئەنجومەنی کارتۆن و کاریکاتۆری سنە، بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە جادە نێوان کامیاران ـ سنە، گیانی لەدەست دا.
شەوی ڕابردوو، ئەمیر سوهەیلی، بەرپرسی ئەنجومەنی کارتۆن و کاریکاتۆری سنە، لە ڕێگای نێوان کامیاران_سنە، بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەست داوە.
ناوبراو، لە سا ١٣٨٨ی هەتاوییەوە بە شێوەی پسپۆڕانە، دەستی بە چالاکیی لە بواری "حەنەک و کارتۆنی" کردووە و هەتا پێش ئەم ڕووداوە وەکوو بەرپرس و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کارتۆن و کاریکاتۆری سنە چالاکی کردووە.
ئەمیر سوهەیلی، هەتا ئێستا چوار پێشانگای تاکەکەسی و ١٦ پێشانگای گرووپیی بەڕێوە بردووە و سەرەڕای بەشداریی لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان، ١٨ دیپلۆمی فەخری لەو بوارەدا بەدەست هێناوە.
ئەو هونەرمەند کوردە، ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە شاری سنە لە دایک بووە و هەروەها پیشینەی هاوکاریی لەگەڵ بڵاوڤۆکە کوردییەکانی وەک "کوردەواری و سیروان" و ... بووە.





