ئاژانسی کوردپا: دەیان وتاری ئێرانییەکان بە هۆکاری "ساختەکاری و دەستتێکەڵکردن"، لە وەشانگە باوەڕپێکراوەکانی جیهان سڕدراونەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە ٢٨٠ توێژەری نیشتەجێ ئێران دەستیان لە دانانی ٥٨ وتاری زانستی کە ساختەکارییان سەلمێندراوە هەبووە.

تۆمەتی دزین و ساختەکاری ئەو نووسراوە بەناو زانستییانە لەلایەن دامەزراوە باوەڕپێکراوەکانی " بیوومێد سێنتراڵ (BioMed Central)" و " ئسپرینگێر (Springer Publishing)" سەلماوە.

بڵاوکراوەی زانستیی "نەیچێر" وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو ڕاپۆرتە، دەنووسێ: ٤٩ وتاری دیکەی ئێرانییەکان بە ئەگەری "ساختە و دەستتێکەڵکردن" خەریکی پێداچوونەوەن.

ئێران لە بیاڤی زانست و تەکنەلۆژی لەڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە ساختەکاریی زانستی لە سەرێدایە.

هەروەها باس لەوەکراوە کە سڕینەوەی وتارەکان تەنیا بۆ " چاککردنی پێشینەی زانستی" بووە و بە مانای دەست تێدابوونی ڕاستەخۆی ئەو توێژەرانە لە نووسینی وتارەکاندا نییە.

بڵاوکراوەی ساینس زستانی دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ساختەکاریی زانستی لە ١٥% وتارە بڵاوکراوەکانی ئێران کردبوو.

کۆمەڵناسان ڕایدەگەینن کە سیستەمی زانستگە و زانست لە ئێراندا تووشی لادان بووەتەوە و باسی عیلمی، لێکۆڵینەوە، ISI و... لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.