ئاژانسی کوردپا: قەیرانی ئابووری لە ئێراندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە سفرەی بازرگانیی پڕ لە قازانجی ماددە سڕکەرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر ببێتەوە و داهاتی ئەو پارانەی کە لەم ڕێگایەوە دێتە وڵاتەوە ببێتە کێشەیەک بە ناوی"سپی کردنەوە‌ی پارە" لە وڵاتدا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، پشکی وردە فرۆشەکان و قاچاغچییەکانی ماددە سڕکەرەکان تەنیا ئێعدام و زیندانە کە وەبەرییان دەکەوێ.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی ٢٠١٢ی نزیک بە سەدی ٧٦ و لە ساڵی ٢٠١٣شدا نزیک بە سەدی ٦٢، لە ئێعدامەکان لە وڵاتیی ئێراندا بۆ کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان دەگەڕێتەوە و بەپێی گوتەی بەرپرسانیی دادوەریی ئێران، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٥دا گەیشتووەتە سەدی ٨٠ش.

"ئێرەج عۆبەیدی" یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی نۆهەم، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری "خانە ملت"دا ڕایگەیاندووە کە " سزای ئێعدام بۆ قاچاغی مادە سڕکەرەکان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە".

ئێران بەهۆی نزیکی سنوورەکانی لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان و پاکستان بووەتە یەکێک لە سەرەکییترین شوێنی بازرگانی و بەکارهێنانی مادە سڕکەرەکان بە تایبەت تریاک و هەروەها بەرپرسانی ئێران ڕۆلێکی سەرەکیان لە تڕانزیت و قاچاغی ماددە سڕکەرەکاندا هەیە و لەم نێوانەشدا وردەفرۆشەکان سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێت و و باندە مافییاییەکانیش کەڵکێکی زۆر باش لە بازرگانیی‌کردن بەم ماددەیەوە وەردەگرن و لە ڕێگای دامەزراندنی ڕێکخراوەکان و پەرەپێدان بە گەندەڵی و دانی بەرتیل، بارودۆخی هاوردەکردنی ماددەسڕکەرەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ ئێران پێک دەهێنن.