ئاژانسی کوردپا: "هادی شەریعەتی"، زانای یاسا و چاڵاکی مافی مرۆڤی منداڵان، لە وتووێژێک لەگەڵ "ئیلنا"، هەواڵدەریی کاری ئێران، جەختی کردۆتەوە کە؛"خۆکوژیی منداڵان لە ئیراندا، مەترسیدار بووە و ئازاری منداڵان، گوشاری سیستمی پەروەردە، پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی زۆرە ملی، نەبوونی و نەداری، نادادپەروەری، لاسایی کردنەوەی دیمەنی ئێعدام، دەتوانێ بەشێک لە هۆکارە سەرەکیی و گرینگەکانی خۆکوژی لە نێوان منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێران و بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، بە ئەژمار بێت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "محەممەدڕەزا مۆخبێر دێزفوولی"،سکرتێری شوورای ئینقلابی فەرهەنگی، لە دانیشتنێک لە گەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا"دا، ڕایگەیاندووە کە؛ "بەپێی ئەو کۆبوونەوە و دانیشتنانەی کە لەگەڵ "عەلی خامنەیی" بوومانە، ئەم بابەتە بووەتە بابەتێک بۆ خەسار ناسیی کۆمەڵایەتی و دەبێ ڕاپۆرتێک سەبارەت بەم گیروگرفتە کۆمەڵایەتییە بنووسڕێت."

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئاماری گیرۆدە بووان بە مادەی هۆشبەر، لانیکەم سەدی ١١ی حەشیمەتی گشتیی وڵاتی پێکهێناوە، و بەداخەوە تەمەنی ڕووهێنان بە مادەی هۆشبەر، لە ئێران زیادی کردووە و ڕێژەی گیرۆدە بووان بە مادەی هۆشبەر لە نێوان ژنانیشدا بەرز بووەتەوە.