ئاژانسی کوردپا: لە بەرانبەر زانکۆی پزیشکیی شاری ئەهوازدا، لاوێکی شاعێر و ڕەخنەگری بواری ئەدەبی‌، بە چەکی گەرم خۆی کوشت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "ئیبراهیم عاڵی‌پوور" شاعێر و نووسەری خەڵکی ئەهواز، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٥ هەتاوی، فیشەکی بە خۆیەوە نا و کوتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شایەتحاڵەکانی ئەم ڕووداوە ڕایانگەیاندووە کە؛ "ئەم گەنجە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی بەرانبەر بە نەخۆشخانەی زانکۆی پزیشکیی شاری ئەهواز ڕاگرتووە، شووشەکانی هەڵداوەتەوە و بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە."

"ئیبراهیم عاڵی‌پوور" لەو دەستە شاعێرانە بووە کە بناغەی شێعرەکانی لە سەر "فەزا، زمان و چۆنیەتی دەربڕینی دەنگ" دامەزرا بوو.

بەپێی ناوەرۆکی شێعرەکانی ئەم گەنجە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگرەی بواری ئەدەبی، بوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، ئاریشەکانی نێو کۆمەڵگا و کەم تەرخەمیی کەسانی بە ڕواڵەت ڕۆشنبیر و دڵسۆز بەرانبەر بەو کێشە و ئاریشە کۆمەڵایەتییانە، ناوبراو تووشی بێهیوایی بووە و دەکرێت وەکوو هۆکاری خۆکوژییەکەی ئاماژەی پێ بکرێت.