ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی یەکیەتیی پێشەسازی شیرەمەنی لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی ڕایگەیاندووە کە:" سەرجەم ١٠٤ شوێنی پێشەسازیی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەم پاڕیزگایەدا چالاکیان هەیە کە لەم نێوانەدا ٨ شوێن ،ئیزنی چالاکیی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و ٤٧ شوێنی دیکەش داخراون".

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "حەمید فەرزانە" لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" لە مەشهەد ڕایگەیاندووە کە:" پاشماوەی شوێنە پیشەسازییەکان سەدی ٣٠ چالاکیان هەیە و سەدی ٢٠ی بەرهەمەکانیش لە ئەمبارەکاندا ماونەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە شوێنی تایبەت لە بازاڕدا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات تەرخان نەکراوە".

بەرپرسی یەکیەتیی شوێنی پێشەسازیی شیرەمەنیەکان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی ڕایگەیاند کە:" تەنیا شوێنی هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستانه".

"فەرزانە" ڕایگەیاند کە"گرفتی ئابووری خەڵک لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی کەمبوونی داواخوازی لە نێو بازاڕەکاندا و ئەم بابەتەش بووەتە هۆکارێک بۆ کەمبوونی هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات و لە نێو خۆدا."

هەروەها سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ وڵاتی ڕووسیە گوتی:" ڕووسیە تەنیا داواخوازی یەک بەرهەمی پەنیری تایبەتە کە خاوەندارانی بەشەکانی بەرهەم لە خۆراسان توانای پێک هێنانی بەرهەمەکەیان نیە."