ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند؛ باندێکی دزیی ٨ هەزار میلیاردییان دۆزیوەتەوە.
ڕۆژنامەی ئارمان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە؛ جێگری وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ خەبات لە دژی گەندەڵییە ماڵییەکان ڕایگەیاندووە؛ باندێکی دزیی زەبەلاحمان دۆزیوەتەوە کە بڕی ٨ هەزار میلیارد تمەن "گەنداڵیی ماڵییان" کردووە.
بەپێی ئەم هەواڵە باندی ئاماژەبۆکراو، بە دامەزراندنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی و بە ڕواڵەت، دانی ڕاوێژ بە کۆمپانیاکانی دیکە، لە باری بازرگانی و دزەکردن بۆ نێو ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتی، زانیارییە نهێنییەکانیان دزیوە و لەو ڕێگەوە، هەوڵی دەوردانەوەی یاساکانی ماڵیاتیان داوە کە بەم شێوەیە توانیویانە بڕی ٨ هەزار میلیارد تمەن بدزن.
ئەم باندە ماوەی چەندین ساڵە بە هاوکاریی یەکێک لە بانکەکانی ئێران کار دەکەن و هەر جارە و بە شێوازێک بۆ وێنە قاچاخی شتومەک، قۆرخ کردنی زەوی، ساختەکردنی بەڵگە، پارەشوشتنەوە و کاری ئەرز، درێژەیان بە چالاکییەکانیان داوە.
ماوەیەک پێش ئێستاش باندێکی هاوشێوە، دەستی بەسەردا گیرا، کە تێیدا "محەمەد ڕەزا خاوەری" سەرۆکی بانکی "ملی" بڕی ٣ هەزار میلیارد تمەنی دزیبوو.





