ئاژانسی کوردپا: عەلی موتەهەری، یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی، وێڕای ڕخنەی توند لە پێوەندیی ئاسایی نێوان کوڕان و کچان لە زانکۆ و هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا، دەڵێ : "ئەگەر بیانهەوی لەگەڵ یەکتر هاودەم و نزیک بن، دەبێ ببنە محەرەمی یەکتر".

بەپێی ڕاپۆرتێکی "خبر آنلاین"، ئەو نوێنەرەی مەجلیس کە لە نێو خوێندکاراندا قسەی دەکرد، گوتی: "لە خاڵە لاوازەکانی توێژی خوێندکار ئەوەیە کە هەستیان زاڵە بەسەر ئاوەزیاندا، چوونکە قۆناغی لاوێتی قۆناغی شەهوەت و توڕەییە".

ناوبراو وێڕای دەربڕینی پەرۆشیی خۆی بەنیسبەت دۆخی جلی ژنان و پیاوان لەکۆمەڵگادا، گوتی: "ئێمە ناتوانین بڵێین ورووژاندنی غەریزە لە کۆمەڵگادا ئازاد بێ و لە لایەکی دیکەوە ئیرزای غەریزە قەدەغە بکرێت. ئەگەر وا نەبێ دەبێ کابارەکان ئاوەدان بکەینەوە".

موتەهەری هەروەها وێڕای ڕەخنەگرتن لە پەیوەندیی ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێرانی‏دا، گوتی : "هەر پەیوەندییەک دەبێ لەچوارچێوەی هاوسەرگیریی کاتی(سیغە) یان هەمیشەیی‏دا بێت. ئێمە پەیوەندییەکمان نییە کە کوڕ و کچ بیانهەوێ بە ئاسانی لەگەڵ یەکتر نزیک و پەیوەندیی سۆزدارییان هەبێت. ئەوەی کە لەگەڵ یەکتر بڕۆین بۆ شاخ و بڵێین و پێبکەنین، خۆ نابێت. ژن و پیاو، کچ و کوڕ، ئەگەر بیانهەوێ لە گەڵ یەکتر نزیک و هاودەم بن، دەبێ محەڕەمی یەکتر بن".

هەبوونی ڕوانگەی ڕەگەزی بە نیسبەت پەیوەندیی ژنان و پیاوان بەتایبەت ڕوانینی کاڵائاسا بە ژنان وکچان، لە تایبەتمەندییەکانی ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە کە سیاسەتگەلی وەکوو بەرتەسک کردنەوی ئازادیی ژنان لە کۆمەلگادا و سەپاندنی جلی فەرمی، لە ژێر ناوی " حجاب برتر" بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی مەسەلەی بێ بنەمای "بێ حیجابی" لە ئاکامەکانیەتی.