ئاژانسی كوردپا: لانیكەم سێ میلیۆن كەس لە ئێراندا بێشوناسن كە زۆربەیان منداڵن و هیچ چەشنە بەڵگەیەكی تایبەت بەباری كەسێتییان لە بەڕێوەبەرایەتی باری كەسێتیی ئێران پێ نەدراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ٢٣ لە سەدی حەشیمەتی ئێران لە منداڵان پێكهاتووە و لەم وڵاتەدا هیچ چارەسەرێك بۆ كێشەكانی منداڵە بێسەرپەرەستەكان نەكراوە و زۆربەی هەوڵەكانی حكوومەت لەو بوارەدا، لایەنی پڕوپاگەندەیی بە خۆیەوە دەگرێت.
یەكێك لە ئاریشەكانی وڵاتی ئێران بوونی منداڵانی بێشوناسە كە زۆربەی ئەم منداڵانە لە پاركەكاندا لەدایك دەبن و ئەوەش دەرئەنجامی دیاردەی بوونی ژنانی سەرشەقامە و زۆرێك لەو ژنانە، بە هۆی قورسیی باری ژیانیانەوە، منداڵەكانی خۆیان دەفرۆشن. لە ئێستادا لە ئێران ڕێژەی ژنانی سەرشەقام بەرز بۆتەوە و رێكخراوی "بێهزیستی"یش ناتوانێ بە كردەوە بەرگرییان لێ بكات.
ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی، یاسایەك بە نێوی بەرگری لە منداڵان، لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران پەسەند كرا، بەڵام بە هۆی بیانووگێڕیی شورای پارێزەران و نەبوونی سیاسەتداڕێژیی لەو بوارەدا، بێئاكام مایەوە، چوونكە مافەكانی منداڵانی لەدایكبووی "دەرەوەی نیكاح" یان بە یەكێك لە كێشەكان ناوزەد كرد.





