ئاژانسی کوردپا: عێرفان قانعی فەرد کە خاوەنی بڕوانامەی مێژووناسییە، لەدووتۆیی کتێبێکدا باسی لەئۆپۆزیسیۆنی کوردی نەیاری حکوومەتی ئێران کردووە و هاوکاتیش ئەو حکوومەتەی بە قوربانیی دەستی تیرۆر لەقەڵەم داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، " توێژینەوەیەک لەسەر تۆڕە تیرۆریستییەکانی دژی ئێران" ناوی تازەترین بەرهەمی عێرفان قانعی فەردە کە تێیدا باسی لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی بە تایبەت حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە کردووە.

لەکتێبی" توێژینەوەیەک لەسەر تۆڕە تیرۆریستییەکانی دژی ئێران" لە دیباچەی مێژووییەوە باس لەهاوکاریی کردنی دوولایەنەی حیزب و گرووپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئافریقا، تورکیە و عەرەبستان کراوە.

قانعی فەرد کە لەلایەن حیزبەکانی کوردی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە چەواشەکاری مێژوو لەبەرژەوەندی حکومەتی ئێراندا ناسراوە، بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەی وتووە،" لەو کتێبەدا باسم لە پێش شۆڕشی ئێران و پاش ئەو شۆرشە کردووە و تەنانەت ئەوەشم خستووەتەڕوو کە هیندێ وڵات بە دژی ئێران راهێنان و مەشقی نیزامییان بە گرووپە چەکدارەکان کردووە".

ئەو نووسەرە کە لەچەندین بەرنامەی تەلەویزیونیدا لەلایەن چالاکانی سیاسییەوە بە" جاش قەڵەم"یش وەسف کراوە دەڵێ: حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لەشەڕی ٨ ساڵەدا پشتیان بە سەدام حوسێن بەست و دواتریش هاوکاریی پتەویان لەگەڵ ئیسرائیل و عەرەبستان هەبوو.

لەدووتۆیی کتێبەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە پاش رووخانی سەدام حوسێن زیاتر رەوتی " مافی مرۆڤ و ئازادیخوازیان" گرتووەتە بەر و دەیانهەوێ ئێران بە تیرۆریست لەقەڵەم بدەن، لەحاڵێکدا کە ئەو حکوومەتە بۆ خۆی قوربانی دەستی تیرۆرە.

عێرفان قانعی فەرد باسی لەوەش کردووە، لەحاڵی حازردا ئەو دوو حیزبە لەرێگەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و کۆر و کۆبوونەوە دەیانهەوێ ناوچە سنوورییەکان تووشی شلەژان بکەن.

ئەو مێژووناسە لەلیداوانەکەیدا داوا لەناوەندە پێوەندیدارەکانی ئێران دەکات کە ئیمکاناتی زیاتر بخەنە خزمەتی کە توێژینەوەی زیاتر لەو بوارانەدا ئەنجام بدات و ئاشکراشی کردووە کە پێویستە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ " جیایی خوازان" پارێزگاریی لە بەرد بە بەردی ئێران بکرێت.

عێرفان قانعی فەرد لەدایک بووی ساڵی ١٣٥٥ی شاری سنەیە و هەتا ئێستا چەندین نووسراوە و کتێبی لەسەر مێژووی هاوچەرخی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و لە لێدوانە رۆژنامەوانی و میدیاییەکانیدا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی کورد.

ئەو نووسەرە لەو باوەڕەدایە کە رێڕەوی مێژوو راستییەکان بۆ ئێمە دەردەخات و پێویستە مێژوو سەر لەنوی بنووسرێتەوە و بە وتەی خۆی ئەو کەسێکی سەربەخۆیە و راستییەکان باس دەکات.

لە هەمبەردا چالاکانی سیاسی کورد، بەشێک لەئەندامەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی نەیاری حکوومەتی ئێران و عەلی عەونی ئەندامی سەرکرادیەتی پارتی دێمۆکراتی کوردستان(عێراق) لە وڵامدانەوە بەو لێداوانەکانی قانعی فەرد لە بەرنامەیەکی تەلەویزیونی تیشک تی ڤی لەژێر ناوی "نیشتمان فرۆشەکان" بە "جاش قەڵەم"، "چەواشەکاری مێژووی کورد" و "پیاوی بەکرێگیراوی ئیتلاعات"ی لەقەڵەمیان دابوو.

ئەو چالاکە سیاسیانە باوەڕیان وایە کە سەردانەکانی قانعی فەرد بۆ دەرەوەی وڵات و دەستپێڕاگەیشتنی بە بەڵگە مێژوویی و زۆر جار نهێنییەکانی ئەمریکا و بریتانیا کاری هەموو کەس نیە و تێچوویەکەشی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە دەدرێت.

ئەو نووسەرە هەتا ئێستا توانیویەتی لەگەڵ چەندین کەسایەتی کورد و رێبەری حیزبە سیاسییەکان چاوپێکەوتنی هەبێت.

بابەت و نووسراوەکانی عێرفان قانعی فەرد بە زۆری لەماڵپەڕ و سایتەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بڵاو دەبێتەوە.