ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی( FREEDOM HOUSE) لەتازەترین ڕاپۆرتدا کە سەبارەت بە ئازادی چاپەمەنی بڵاوی کردووەتەوە، ئێرانی وەکوو خرابترین وڵات لە بواری ئازادی چاپەمەنییەوە لە قەڵەم داوە.

ئەو ڕاپۆرتە کە لە ژێر ناوی " ئازادی چاپەمەنی ٢٠١٥" بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات ئێران یەکێک لەو ١٠ وڵاتەیە کە فشاری زۆری خستووەتە سەر ڕۆژنامەنوسان، هەرەها ئەو وڵاتەی بە گەورەترین بەندیخانە بۆ ڕۆژنامە و چاپەمەنی لەقەڵەم داوە.

ئێران، کۆرەی باکوور، کووبا، گینە، ئیریترە، سووریا، ئۆزبەکستان، تورکەمەنستان، کریمە و بلارووس ئەو ١٠ وڵاتەن کە لە راپۆرتەکەی ( FREEDOM HOUSE)دا بە خرابترین شوێن بۆ ئازادی چاپەمەنی ناویان هاتووە.

ناوەندی ( Freedom house) چاپەمەنی لەو ١٠ وڵاتەدا بە وتەبێژی حکوومەت ناودێڕ کردووە و باوەڕی وایە هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەک دەستیان بە زانیاری ئازاد ڕاناگات و هەر چەشنە دژکردەوەیەکیش لەگەڵ ئەشکەنجە و زیندانی کردن بەڕەوروو دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە نیوان ١٩٩ وڵاتی جیهان، ٦٣ شوێن بە وڵاتی ئازاد، ٧١ وڵات بە نیوە ئازاد و ٦٥ وڵاتیش بە نەبوونی ئازادی چاپەمەنی لە ناو ریزبەندەکەدا جێگاییان گرتووە.

FREEDOM HOUSE:ئێرانی وەکوو خرابترین وڵات لە بواری ئازادی چاپەمەنییەوە لە قەڵەم داوە

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، نوروێژ و سوید لەو وڵاتانەن کە لە بواری ئازادی چاپەمەنی و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد باشترین پلەیان لە جیهاندا هەیە.

باس لەوەش کراوە کە زۆربەی هاووڵاتیانی دانیشتوانی قاڕەی ئورووپا و ئاسیا کە نزیک بە لەسەدا ٨٢ی خەڵکەکە دەگرێتەوە لە وڵاتانی داخراو و غەیری ئازادا دەژین.

دامەزراوەکە ئەوەشی خستتوەتەڕوو، تەنیا ٢% لە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناڤین لە وڵاتانی ئازاددا ژیان بەسەر دەبەن.

(FREEDOM HOUSE) دامەزرواەیەکی مەدەنی سەربەخۆ لە ئەمریکایە و توێژینەوە لەسەر دێمۆکراسی و ئازادییە سیاسییە و چاپەمەنییەکان دایە.

ئەو ناوەندە ساڵی ١٩٤١ لە شاری واشینتۆن دامەزراوە.