ئاژانسی کوردپا: مامۆستا مەحیەدین حەقشناس شاعیر و هەڵبەستوانی کورد و ئەستێرەی ئاسمانی ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی لە شاری سنە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ مامۆستا حە‌قشناس ئافڕێنەری بەرهەمی "شارەکەم سنە" کە توانی چاند و کەلەپووری کوردەواری بە تایبەت شاری سنە بە شێوەی هەڵبەست بئافڕێنێ، لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی" ئەسپەردەی خاک کرا.

ئیرەج عیبادی شاعیر و وەرگێڕی خەڵکی شاری سنە

ئیرەج عیبادی شاعیر و وەرگێڕی خەڵکی شاری سنە سەبارەت بە گرینگیی بەرهەمی شارەکەم سنە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، "مامۆستا لەم بەرهەمەدا باسی داب و نەریت، کەسایەتییە ناودارەکان، بینا کۆنەکان و بەتایبەت مێژووی سنە دەکات وئەمەش وای کردووە ئەو شتانەی کە لەنێو خەڵکدا نەماون، لە قاڵبی ئەو بەرهەمەدا بە زیندوویی بمێننەوە".

ئەو سەرنووسەرەی گۆڤاری ژیوار، مامۆستا حەقشناسی وەکوو خەمخۆرێکی زمان و ئەدەبی کوردی لە قەڵەم دا و رایگەیاند؛ "ئەو هەمیشە خەریکی خوێندنەوە لەسەر مێژوو و فۆلکلۆری کوردی بوو، کە توانی لە تەمەنی پڕ بەرهەمی خۆیدا خزمەتی زۆر بە زمان و ئەدەبی کوردی بکات و سەرئەنجام توانی مێژووی ژیانی کۆمەڵاێەتی کوردستان لە قاڵبی هەڵبەست‌دا کۆ بکاتەوە و لە پەرتووکی "شارەکەم سنە "‌دا تۆماری بکات.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "شارەکەم سنە وەکوو ناسنامەی شاری سنە ئەناسرێت کە هەتا ئێستا دەیان جار دووبارە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و چەندین جار وەک بەرهەمی نموونەی ئەدەبی خەڵات کراوە، بۆیە بەهەق شیاوی ئەوەیە زیاتر رێزی لێ بگیرێ و بناسرێت".

عیبادی گوتیشی مامۆستا ژیاننامەی خۆی نووسیوەتەوە و بڕیارە بە مەبەستی زیاتر ناسرانی مامۆستا و رێزگرتن لە کار و ماندووبوونەکەی، لە قاڵبی سی‌دی و کاسێت‌دا بڵاو بێتەوە.