ئاژانسی کوردپا: یەکەمین خولی فستیڤاڵی یارییە ناوچەییەکانی تایبەت بە کچانی کورد لە پارکی "شاهید"ی شاری کرماشان بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ یەکەمین خولی فستیڤاڵی یارییەکانی تایبەت بە کچانی کوردی تەمەن ٩ هەتا ١٢ ساڵەی ئوستانەکانی کرماشان، هەمەدان، کوردستان، لوڕستان و ئیلام، کۆتایی پێ هات.

لەم فستیڤاڵەدا کچانی هەرکام لەو ئوستانانە یارییەکانی ناوچەیی لەگەڵ گۆرانیی تایبەت بە ناوچەی خۆیان پێشکەش کرد کە یارییەکانی، " گوریس کێشی، نیگار کێشی، دایە مەمدە بە گورگێ، هەنگڵەشەلە" و چەندین یاریی دیکەیان نمایش کرد.

لەم فستیڤاڵەدا ٧٥ کچی کورد بەشدار بوون و تێیدا تیمی کچانی ئوستانەکانی لوڕستان، ئیلام و کرماشان بە ریز پلەی یەکەم هەتا سێیەمیان بەدەست هێنا و خەڵاتی تایبەتیی فستیڤاڵیان پێشکەش کرا.

بە وتەی شارەزایانی فەرهەنگی زیاتر لە ٢٥٠٠ یاریی ناوچەی و خۆجێی " هەمزەل، قاڕێن، زۆران بازی، هەلووکێن، بەردێن، قەرە قەرێ و هەڵوای بە شەپان" لە وڵاتی ئێراندا بوونیان هەیە کە بە هۆی نەبوونی دەرەتان و دەرفەت بۆ نمایش کردن، زۆربەیان بەرەو فەوتانی ئێجگاری دەچن.

وێنە: عەبدوڵڵا مورادی