ئاژانسی کوردپا: شاعیرێکی نوێخوازی کوردی خەڵكی کرماشان دووەمین بەرهەمی شێعریی خۆی چاپ و بڵاو کردەووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "ئێعسان نەجەفی" شاعیری کوردی خەڵکی کرماشان کۆمەڵە شێعری "گلوەدەرە"ی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کردەوە.
ئەو شاعیرە کوردە سالی ١٣٩٠ی هەتاویش کتێبێکی شێعری لە ژێر ناوی "سەیرانا و پەری پەریانی پێشکەش بە ئۆگرانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی کرد.

ئەو شاعیرە ساڵی ١٣٦٤ لە شاری کرماشان لە دایک بووە و بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکان و خاوەن فکری کرماشان ئەژمار دەکرێت.
هاوکات ئێحسان نەجەفی لە وێبلاگی تایبەتیی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، کە چەندین جار ناوی ئەو کتێبەکەیان پێ گۆڕیەوە و نزیک بە ٣٠ لاپەڕە لە شێعرەکانی ئەو کۆمەڵە شێعرەیان پێ لابردووە و بەرەوڕووی تیغی سانسۆڕ بۆتەوە.
کۆمەڵە شێعری گلوەدەرە کە چەند رۆژ پێش ئێستا چاپ و بڵاو کرایەوە، هەنووکە لە کتێبفرۆشییەکانی شاری سنە، ئیلام و کرماشان لە بەر دیدی خوێنەران و ئۆگرانی شێعری کوردی دایە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا سەرەڕای ئاستەنگ و فشاری دەزگا حکوومەتییەکان، رەوتێکی رۆشنبیریی بەهێـز و بووژانەوەی فەرهەنگی لە ئوستانی کرماشان دەستی پێ کردووە و دەگوترێت کە تەنیا ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ کتێب لەو ئوستانە چاپ و بڵاو بوونەتەوە.






