ئاژانسی کوردپا: ژنە هونەرمەندێکی سەقزی پیشانگەیەکی نیگارکێشی لە بەرهەمەکانی خۆی بەرووی هاووڵاتیان و ئۆگرانی فەرهەنگ و هونەردا کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پیشانگەیەکی نیگارکێشی پێکهاتوو لە ٤٠ تابلۆی هونەریی "نگین رەشیدزادە" لە نیگارخانەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری سەقز کرایەوە و هەتا کۆتایی ئەم حەفتەیە بەڕووی هاووڵاتییاندا کراوە دەبێت.
ئەو ٤٠ بەرهەمە کە پێشتریش لە دوو پیشانگەی دیکەدا پیشان دراون، بە وتەی ئەو هونەرمەندە بەرهەمی ١ ساڵ ماندوو بوونی خۆیەتی کە لە چەندین تەکنیکی "ئاوڕەنگ، پاستیلی گەچی و گواش" کەڵکی وەرگرتووە.
ئەو ژنە هونەرمەندە لەو تابلۆیانەدا کۆمەڵیک داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردەواری و هەروەها هونەرمەندانی کوردی لە قاڵبی تابلۆدا کێشاوەتەوە.
نگین رەشید زادە لە دایکبووی شاری سەقزە و خوێندنی لە رشتەی نیگارکێشیدا لە هونەرستانی "عیسمەت"ی ئەو شارە تەواو کردووە.
وێنــــه: محهممهد باژین

















