ئاژانسی کوردپا: چیرۆكە شێعری دڵداریی "عەزیز و كوبــڕا" لە دووتوێی ١٤٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: چیرۆكە شیعری دڵداریی "عەزیز و كوبرا" كە بەرهەمێكی بەنرخی ئەدەبی میللیی ناوچەی هەوشاری رۆژهەڵاتی كوردستانە، لەلایەن "شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی"یەوە كۆ كراوەتەوە و "ئەنستییتۆی كەلەپووری كورد" لە سلێمانی چاپ و بڵاوی كردۆتەوە.

شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی

ئەم چیرۆكە، شیعری دڵداریی "عەزیز و كوبڕا" بەسەرهاتی تراژیدیی دوو ئەڤینداری ناكامی كوردە، كە كاتەكەی بۆ زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و دواتر لەلایەن دوو هـۆنەر و شاعیری میللیی كورد بەناوەكانی "سەید شوكروڵڵا حوسێنی و سەید محەمەد چەشمەمەنتش" بە زمانی بەستە هۆنراونەتەوە.

ئەم بەرهەمە ئەدەبییە كە ئەڕواتە خانەی ئەدەبی میللییەوە، چیرۆكی راستەقینە، ژاناوی و تراژیدیی "عەزیز و كوبـڕا"یە كە ئاكامەكەی هاوشێوەی چارنووسی قارەمانی چیرۆک و بەیتە دڵدارییەكانی دیكە و ئەدەبی زارەكیی كوردەوارییە.

ئەم بەرهەمە بە هەوڵ و ماندووبوونی "شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی" ئامادە و كۆكراوتەوە و مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن "ئەنستیتۆی كەلەپووری كورد" و لەسەر ئەركی "بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی" بە ئەژماری ٥٠٠ دانە كەوتۆتە بەردیدی خوێنەرانی.