ئاژانسی کوردپا: هادی زیائەدینی هونەرمەند و پەیکەرتاشی ناسراوی کوردی خەڵکی شاری سنە شانازییەکی دیکەی بەدەست هێنا.
هادی زیائەدینی لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، پاش ٢ ساڵ لێکۆڵینەوەی ئەنجومەن و سەرۆکایەتی هونەری و کۆڕی هونەرمەندانی وڵاتی ئێران لەسەر بەرهەم و کارە هونەرییەکانم، سەرئەنجام پلەی دوکتورایان پێشکەش بە من کرد.
ئەو هونەرمەندە کوردە سەبارەت بەرهەمێکی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ماوەی ٥ ساڵ پێش ئێستا بڕیار بوو پەیکەرەیەکی ١٨ میتری لەسەر ئەنفاڵ لە شاری هەولێر دروست بکەم، بەڵام هەتا ئێستا لێپرسراوانی حکوومەتی هەرێم گرینگییان بەم پرۆژەیە و هەروەها رووداوی ئەنفال نەداوە کە پەیکەرێکی لەو چەشنە لەم وڵاتانەی دەوروبەردا بوونی نییە.

هادی زیائەدینی ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە و ساڵی ١٣٥٦ چۆتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شاری تاران و چەندین بنکەی ئەکادمیکی هونەریی نیگار کێشی، پەیکەرتاشیی لە ئوستانیت کوردستاندا بناخەڕێژی کردووە.
ناوبراو یەكێک لە هونەرمەندە بە توانا و ناسراوەكانی كوردە كەلە چەندین بواری هونەری و بەتایبەت پەیكەرتاشیدا بەرهەمی ناوازەی خولقاندووە و پەیكەری زۆربەی كەسایەتییە ئەدەبی و ناودارەكانی كوردی وەک "مەستوورەی ئەردەڵان"ی داتاشیوە.





