ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی راگەیەندراوێک، هەڵبژاردنەکانی رۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵیان بایکوت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو حیزبی کوردستانی ئێران رۆژی رابردوو لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "گومان لەوەدا نیە کە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش وەک درێژەی رەوتی مێژووی دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە هەر چەشنە پرەنسیپێکی دێمۆکراتیک و هەڵبژاردنی ئازاد و ناسراو لە جیهاندا بێبەرییە".

مێدیاکانی سەربە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای بڵاو کردنەوەی هەواڵی بایکوتی هەڵبژاردنی خولی یازدەیەمی سەرکۆماریی لە ئێران،رایانگەیاند: "بەرنامەی هەڵبژاردن هەرلە سەرەتاوە لە "بەیتی رەهبەری" و دەست و پێوەندەکانی وەک وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە دەست پێدەکا و هەر لەوێش کۆتایی پێدێ".

ئەو دوو حیزبە کە خەباتی چەکددارییان دژبە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کارنامەی خۆیاندا تۆمار کردووە، بایکوتی هەڵبژاردن و نەچوون بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانیان بە پڕماناترین هەڵوێست لە قەڵەم داوە کە دەتوانێت گەورەترین پەیامی سیاسیی خەڵکی کورد بگەیەنێتە گوێ حاکمییەت و ڕای گشتیی جیهان کە هەڵاواردن و ستەمگەری و بێبەشکردنی سیاسی، دەبێ کۆتایی پێ‌بهینرێت".

هاوکات یەکێکی دیکە لە حیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، "پارتی ئازادیی کوردستان" بە دەرکردنی راگەیەندراوێک، هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێرانی بایکوت کردووە و خوازیاری بەڕێوەچوونی رێفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان بووە.

هەتا ئێستا حیزبەکانی دیکەی کوردستانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار و گوندەکان، هیچ پەرچەکرددارێکی فەرمییان نەبووە.