ئاژانسی کوردپا: شاکاری "کۆشک" لە نووسینی "فرانتز کافکا" لەلایەن وەرگێڕێکی کوردەوە لە زمانی فارسییەوە بۆسەر زمانی کوردی وەرگێڕان کرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆمانی بەناوبانگی "کۆشک" لەلایەن نووسەر و وەرگێری ناسراوی کورد "عەتا نەهایی"ـەوە بۆسەر زمانی کوردی وەرگێڕان کرا و لەلایەن دەزگای چاپ "ئەندێشە" لە شاری سلێمانی چاپ وبڵاو کرایەوە.

کافکا لە رۆمانی کۆشکدا مرۆڤ لە بارودۆخێکی تایبەت خۆی لە بەرامبەر دەسەڵاتێکدا وێنا کردووە، کە وەک هەزار ئەشکەوتێکی سەیر و سەمەرەی بێکۆتا، لک و پوی لێ بووەتەوە.
فرانتێز کافکارێکەوتی ۳ ژوئیهی ۱۸۸۳ی زایینی لە وڵاتی ئاڵمان لە دایک بووە و ۳ ژوئەنی ساڵی ۱۹۲۴کۆچی دوایی کردووە، ناوبراو بە یەکێک لە گەورەترین نووسەرەکانی ئاڵمانی بە ئەژمار دێت و بەرهەمەکانی وەک کاریگەرترین بەرهەم لەسەر ئەدەبیاتی رۆژئاوا سەیر دەکرێت.
هەروەها نووسەری ناسراوی کورد عەتا نەهایی ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە شاری بانە لە دایک بووە و لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە شێعری بە زمانی کوردی نووسیوە. لە تەمەنی ١٧ساڵیدا لە پەیمانگە یەکەم چیرۆکی بڵیندی نووسیوە و بەو هۆیەوە لە لایەن بەرپرسانی پەیمانگەوە تەمێ کراوە.

ئەو وەرگێڕە کوردە لەماوەی تەمەنیدا چەندین کۆمەڵە چیرۆک، رۆمان و بەرهەمی ئەدەبیی وەک: زریکە (کۆمەڵە چیرۆک)، تەنگانە (کۆمەڵە چیرۆک)، گوڵی شۆڕان (رۆمان)، ئەو باڵندە بریندارە کە منم (کۆمەڵە چیرۆک)، باڵندەکانی دەم با (رۆمان)، گرەوی بەختی هەڵاڵە (رۆمان)، کۆی بەرهەمەکان/2 بەرگ (رۆمان و چیرۆک)، تحلیل ساختاری منضومەهای عاشقانەی کوردی، شازادە ئحتجاب (رۆمان)جەیمس جۆیس (خوێندنەوە)، ماڵی رووناکان (کۆ چیرۆک)، بارۆنی سەر دارەکان (رۆمان)، قەسابخانەی ژمارە 5 (رۆمان)، سووکی لەتاقەت بەدەری بوون (رۆمان) چاپ و بڵاو کردۆتەوە.
کتێبخانەی ئەندێشە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە و لەماوەی چەند سالی رابردوودا لەبوارە جۆراوجۆرەکانی رووناکبیری کوریدا ھەنگاوی باشی ھەڵگرتوە و لەدروستکردنی کولتووری کتێبخانەی مودیرن و ھاوچەرخدا دەستپێشخەر بووە.





