ئاژانسی کوردپا: شانۆی "مەرگی ئێڤین" بەرهەمی گروپی شانۆکارانی "ئەهوورا" لە دەرهێنای"عەزیز زادسەر" لە شاری مەریوان و دەوروبەری لە حالی بەڕێوەچوون دایە.

ئەو شانۆیە کە بەبۆنەی رۆژی جیاهانیی مین"ـەوە دروست کراوە، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوە هەتا دەستی بە نمایش کردووە و هەتا کۆتایی مانگی بانەمەڕ بەردەوام دەبێت.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لە زاری "عەزیز زادسەر" دەرهێنەری ئەو شانۆیەوە بڵاوی کردەوە، شانۆی "مەرگی ئەڤین" زیاتر لە ٧٠ جار لە ٦٠ شوێن و گوندی دەوروبەری شاری مەریوان نمایش دەکرێت.

لەو شانۆیەدا "عەزیز زادسەر، محەممەد رەزا ئەمینی،کەمیل حوسێنی" وەک ئەکتەر رۆڵیان بینیوە و هەروەها ژیلا برزووی و هیوا محەممەدیان لە بەشی دابین کردنی جلوبەرگ و پۆستێردا، هاوکارییان کردووە.

ئەو دەرهێنەر کوردە راشیگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی ئەو شانۆیە، یاد و بیر ئانینی قوربانیانی رووداوی مین و هەروەها هۆشیار کردنەوەی هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان لە مەترسیی مین و چۆنیەتی ژیان کردن لەگەڵ ئەو دێوزمە شاراویە، بووە.

عەزیزی زادسەر لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە دەستی بەکاری دەرهێنەری شانۆ کردووە، و لە زۆربەی فستیڤاڵ و میهرەجانەکاندا بەشداری کردووە و چەندین خەڵاتی وەک دەرهێنەری سەرکەوتوو وەرگرتووە.

فۆتۆ: وێبلاگی مەریوان تیاتر