ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی هاووڵاتیانی کورد بڵاو دەکاتەوە.

راپۆرتی نیوەی دووەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢

نیوەی دووەمی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ لەکاتێکدا کۆتایی پێ دێت، کە راپۆرتەکان دەرخەری ئەو راستییەن پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەشێوەی بەردەوام لەئارا دایە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکان دەستبەسەر و بانگهێشت دەکرین، لەم راپۆرتەدا ئاوڕێک لە دەستبەسەر و بانگهێشت کردنی هاووڵاتیان لە ماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا دەدەینەوە و هەروەها دوایین بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد تاوتوێی دەکەین.

دەستبەسەر کرانی کۆمەڵیک سەلەفی لەشاری جوانڕۆ
سەرلە بەیانی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە کۆمەڵێک لە سەلەفییەکانی شاری جوانڕۆ لە نێو ماڵیک لە نزیک مزگەوتی "قادری"ی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کران.

شوناسی یەکێک لەو کەسانەی "میکایل تاوگوزی" کوڕی قاسم راگەیەندراوە.
شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، سەرجەم ئەو کەسانە لە کاتی دەستبەسەر کردندا بە چەکی گەرم تەیار بوون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە ژمارەی دەستبەسەر کراوان و شوێنی راگیرانیان رانەگەیەندراوە.

رێکەوتی ٣٠ بەفرانباری ساڵی رابردوو هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یاسر حوسێنی" کوڕی تۆفیق لە شاری جوانڕۆ ، لەلایەن ٢ ماتۆڕ سوارەوە بە بیانووی بەرز بوونی دەنگی گۆرانی و مۆسیقای ماشێنەکەی، لەبەر دەرکەی ماڵەکەی خۆی لە شاری جوانڕۆ ئاگری تێبەردرا.

پێوستە بگوترێ لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دیاردەی سەلەفییەت رووی لە زیادبوون کردووە و رێژەیەکی بەرچاو لە لاوانی کورد ئاوێتەی سەلەفییەت بوون.

سەلەفییەکان گروپێکی ئسلامیی توند ئاژۆن، کە بەشێوەی بەرین دەستیان بە چالاکی کردووە و بە ئاشکرا لە شارەکانی کوردستان سەرقاڵی ئەندام گیرین و ئەندامەکانیان بەمەبەستی راهێنان رەوانەی وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان دەکەن و ئەمەش نیگەرانیی قوڵای لای هاووڵاتییانی کورد دروست کردووە.

بەردەوامیی بانگهشتی مامۆستایانی ئایینی بۆ دادگاکان
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا مامۆستایەکی ئاینیی خەڵکی شاری سەردەشت، بۆ جارێکی دیکە بانگهێشتی دادگای تایبەتیی رۆحانییەتی شاری تەورێز کرایەوە.

مەلا "سەلام گوڵنەواز" پێش‌نوێژی مزگەوتی گەڕەکی "شێوە برایم"ی شاری سەردەشت، پێێ راگەیەندراوە، لە رێکەوتی ٢٦ خاکەلێوەدا خۆی بە دادگای تایبەتیی رۆحانیەتی شاری تەوریز بناسێنیت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند، دادگای رۆحانیەتی تەورێز ئەو مامۆستا کوردەیان ئاگادار کردۆتەوە کە مافی هەبوونی پارێزەری نییە و پێویستە بۆخۆی لە دادگادا بەرگری لە خۆی بکات.

دادگای شاری تەورێز تاوانی ناوبراوی ئەندامەتی لە "مەکتەبی قورئان و پەیڕەوی لە ئەحمەدی موفتی‌زادە"، راگەیاندووە.

سەلام گوڵنەواز پێشتریش لە مانگی بانەمەڕ و جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١دا بانگهێشتی دادگای تایبەتیی رۆحانیەتی شاری ورمێ و دوایین جاریش رێکەوتی ٧ی رەشەممەی هەمان ساڵ لەلایەن دادگای تایبەتیی رۆحانییەتی شاری تەورێز بانگهێشت و دادگایی کرابوو.

بەردەوامیی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان
هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢ هاووڵاتیی کوردیان لە ناوچەی پیرانشار دەستبەسەر کرد.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە ٢ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی "مستەفا خدر" خەڵکی گوندی ترکەش و "حەسەن" خەڵکی گوندی "کەوپەڕ"ی ناوچەی مەنگوڕایەتیی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردەیان بەبیانووی راگواستنی مەڕ و ماڵات بۆ هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، کە زەوت کردنی مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیان لە کاتێکدا بووە کە ئەو ٢ کەسە ئاژەڵەکانیان بەمەبەستی فرۆشتن بەرەو پیرانشار بردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم مەڕ و ماڵاتی ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بەمەبەستی سەر بڕین رەوانەی کوشتارگا کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردە لە دەستبەسەریی هێزە ئینتزامییەکاندا ماونەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و چەند رۆژ پێش ئیستا زیاتر لە ٣٠٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانی گوندەکانی پیرانشار لەلایەن هەنگی مەرزیی پیرانشارەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.
بانگهێشتی یەکێکی دیکەی لە برایانی حوسێن پەناهی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

رامین حوسێن پەناهی برای ئەنوەر حوسێن پەناهی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولان کرا.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە رامین حوسێ‌نپەناهی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولان کرا و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لەژێر لێپرسینەوەدا بوو.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا دایک و باوک و برایەکی ئەنوەر حوسێن پەناهی بەناوی " ئەفشین" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروە کرابوون و هەواڵی بلۆک کرانی سەرجەم حیسابە بانکییەکانیان بەبڕی ١٠ میلیۆن تمەن، پێ راگەیاندبوون.

بە وتەی کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە لەماوەی ٦ ساڵی رابردوودا و پاش دەستبەسەر کرانی ئەنوەر حوسێن پەناهی، ٣٣ کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبیناووی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون.
لە درێژەی رەوتی دەستبسەر کردنی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد، وێبلاگنووسێکی خەڵکی شاری سنە دەستبەسەر کرا.

سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە وێبلاگ‌نووسێکی کورد بەناوی "م، ئەلف" تەمەن ٢٨ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هاوکات هێزە ئیتلاعاتییەکان ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و دەزگا و دیشی ماهوارەکەشیدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو وێبلاگ‌نووسە کوردە نەزانراوە.
پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ٢ مانگ هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی برایانی کوردپوور لەبەر دەستدا نییە

رۆژی ٢٦ی خاکەلێوە "عەباس جەماڵی" پارێزەری ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە کوردە سەردانی دادگای شاری مەهابادی کردبوو و لەگەڵ بەڵێنیی بازپورس و سەرۆک ئەو دادگایە بەرەوروو ببوویەوە.

پارێزەری برایانی کوردپوور رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی کە برایانی کوردپوور هەتا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەی ئیدارەی ئیتلاعات دان، نەمتوانیوە بەشێوەی فەرمی پارێزەرییەکەیان بە ئەستۆ بگرم".

پارێزەری مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ئەوەشی خستۆتەڕوو کە تاوانی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە هەتا ئێستا بە ئێمە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات بە تاوانێکی دیاری کراو لێکۆڵینەوەیان لێ دەکات.

جەماڵی ئاماژەی بەوەشداوە کە لێکۆڵینەوەی برایانی کوردپوور هەتا ئێستا تەواو نەبووە، کە بزانین تاوانەکەیان چییە؟ تاوانەکەیان لە چ بوارێک دایە یان بەڵگەی تاوانەکەیان چییە؟ بۆیە هەتا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکانیان تەواو نەبێت، ئیدارەی ئیتلاعات ئێزنی چاوپێکەوتنمان پێ نادات.

هەرلەو پەیوەندییەدا ئەسعەد کوردپوور برای مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ماوەی چەند رۆژە بەمەبەستی روون کردنەوەی پەروەندە و ئاگاداراربوونی لە بارودۆخی براکانیان، سەردانی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد دەکەین، بەڵام قازیی پەروەندەکەیان پێی راگەیاندین کە ئەوان تەنیا وەڵامی پارێزەرەکەیان ئەدەنەوە ، چونکە تەنیا پارێزەر لە قسەکانی ئێمە تێدەگات.

برای ئەو ٢ چالاکە فەرهەنگییە ئەوەشی خستەڕوو، "هەتا ئێستا چەندین جار داوای چاوپێکەوتنمان کردووە و تەنانەت بازپورسی پەروەندەکەیان ئیزنی دا کە چاومان پێیان بکەوێت، بەڵام لە کاتی سەردان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، لەگەڵ وەڵامی، براکانی ئێوە لێرە نین و دەبێ لە سەرەوە هەماهەنگی بکرێت، بەرەوڕوو بوینەوە".

رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران و هەتا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی پارێزەر و بنەماڵەکەیان، هێچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە لەبەر دەستدا نییە.
هەر لەو پەیوەندییەدا کەمەڵ حوسێنی هەواڵنێری ئاژانسی موکریان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوەتی ٢٦ی خاکەلیوە هاوڕێ لەگەڵ عەباس جەماڵی بەمەبەستی بینینی پەروەندەی برایانی کوردپوور سەردانی دادگای شاری مەهابادمان کرد، کە دیتمان هەتا ئێستا وەکالەت نامەی ئەو ٢ برایە نەخراوەتە سەر پەروەندەکەیان.

حوسێنی ئاماژەی بەوەش کردووە، پارێزەری ئەو ٢ برا رۆژنامەنوسە رایگەیاندووە، نەبوونی وەکالەتنامە لەسەر پەروەندەی ئەو ٢ برایە بەمانای ئەوەیە کە هەتا ئیستا مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ئیزنی واژۆ کردنی وەکالەتنامەکەیان پێ نەدراوە.

هەروەها لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ٢٣٠ چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد لە بەیاننامەیەکدا خوزیاری ئازادیی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور بوون.
پێشاندانی هاووڵاتییەکی کورد بە جلوبەرگی ژنانەوە لە شەقامەکانی شاری مەریوان

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە، مەئموورانی هێزی ئینتزامیی شاری مەریوان، هاووڵاتییەکی کوردیان لەژێر ناوی "ئەرازل و ئەوباش" بە جلووبەرگی کوردیی ژنانەوە لە شەقامەکانی شاری مەریوان پێشنای خەڵک دابوو.

رۆژی دواتر هاووڵاتییانی شاری مەریوان، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمەی دادگای شاری مەریوان خۆپیشاندانێکی بەرین‌یان بەڕێوە برد و هاوکات دەستەیەک لە نوێنەرانی مەجلیس بە واژۆ کردنی نامەیەک هۆشدارییان بە وەزیری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دا.

نوێنەرانی کورد لەو نامەیەدا، ئەو حوکمەی دادگای شاری "مەریوان"یان سووکایەتی بە ژنی کورد و پیرۆزییە ئاینییەکان وەسف کردووە.

ئەبولفەزل ئەبوو تۆرابی، ئەندامی کۆمیسیۆنی یاسای مەجلیس رایگەیاندووە، لەبەر کردنی جلوبەرگی ژنانە بۆ کەسێکی تاوانبار و گەڕاندنی ئەو تاوانبارە لەبەر چاوی خەڵک، سووکایەتی کردن بە ژنی کوردە.

ئەو نوێنەرە باسی لەوەش کردووە، ئەو حوکمەی دەزگای قەزایی و هێزە ئینتزامییەکان، کردەوەیەک بەدوور لە یاسا ئینسانییەکان بووە.

رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە رێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی شاری مەریوان خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی دادگای مەریوان بە کەسایەتیی ژن، بەڕێوە برد.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕیارە لەرۆژانی رابردوودا حوکمێکی هاوشێوە بەنیسبەت ٢ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەریوان بەڕێوە ببات.

ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەی ژنان و چالاکانی ژنی شاری مەریوان، لەگەڵ توندوتیژی و سەرکوتی هێزە حکوومەتییەکان بەرەوڕوو بوویەوە.

ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان بە دەرکردنی راگەیەندراوێکی هاوبەش، ئەو کردەوەی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و بە کردەوەیەکی نامرۆڤانەیان لەقەڵەم دا.

هەر لەو پەیوەندییەوەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی کورد وێڕای دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ ژنانی کورد، چەندین کەمپەینیان لەڕاستای مەحکووم کردنی ئەو حکوکمەی دادگای شاری مەریوان کردەوە و رێژەیەکی بەرچاو لە پیاوانی کورد و فارس بەپۆشینی جلوبەرگی ژنانەی کوردی بەشدارییان لە "کەمپەینی "ژن بوون مایەی سەرشۆڕی و تەمێ کردنی هیچ کەێک نییە" کرد و هاوکات ئەو وێنانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردەوە.