حەفتەیدووەمی مانگی رەشەممەی ١٣٩١
ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، بەردەوامیی خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستان، گوشاری ناوەندە ئەمنیەکان بۆسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی، لێکدانەوەیەکی ئاماری سەبارەت بە دیاردەی تەڵاق لە پارێزگای کوردستان، کوژرانی ژنێک بەدەستی مێردەکەی خۆی لە سەوڵاوا، بەردەوامیی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی بەهایی، چوونەسەرێی رێژەی پەنابەرانی ژنی ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئازادیی ٣ ژنە رۆژنامەنووسی زیندانی کراو و چوونەسەرێی ئاماری تەڵاق لە وڵاتی ئێران لە خۆ دەگرێت.
کوردســـــــــــــــــــــــتان
خۆسووتاندنی ژنێک لە شاری ماکۆ

ژنێک لە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کرانەوە، ژنێک بەناوی "ئامینە" خەڵکی شاری ماکۆ کە ١ مانگ پێش ئێستا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممە بەهۆی کایگەریی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
ئامینە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە گوندی "قەرەیاق" سەربە شاری ماکۆ لەرێگەی خۆ سووتاندنەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
پێشتریش لەسەرەتای مانگی رێبەندان ژنێکی دیکە بەناوی "فاتمە مەقسوودی" خەڵکی گوندی "دێم قشڵاخ"ی ماکۆ کە پێشتر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و دواتریش لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.
گوشاری ناوەندە ئەمنیەکان بۆسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد

ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای گوشار خستنەسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بەردەوام بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ دەکەن.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا "كەژاڵ هوژەبری" هاوسەری "عەلی دانش" بانگهێشتی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان كراوە و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردووە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.
کەژاڵ ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ٩ ساڵ و مەتین تەمەن ٥ ساڵ"، لاوێنی تەمەن ٢ ساڵو نیو هەیە و ئێستا لە گوندی "بەردەڕەشە"ی مەریوان نێشتەجێن.
عەلی دانش بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە.
بەردەوامیی خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستان

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، کچێک بەناوی "شادیە باسامی" تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "بێساران"ی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.
شادیە باسامی پاش ئەوەیکە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ئەو ناوچەیەوە بەناوی "ج ، چاوشی" دەتسدرێژی جنسی کرابووە سەر، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی رێبەندان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٣ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٨ حاڵەتیان لەرێگەی خۆسووتاندنەوە بووە.
ئەو ئامارە رێژەییە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راسەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
تەڵاق لە پارێزگای کوردستان لە رووی ئامارییەوە

ئاماری تەڵاق و هاوسەرگیری لە پارێزگای کوردستان لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا، لەلایەن ئیداری تۆمار کردنی باری کەسیەتیی پارێزگای کوردستانەوە بڵاو کرایەوە.
بەپێی ئەو ئامارە کە لەلایەن لێژنەی تایبەت بە کاروباری بنەماڵەوە راگەیەندرا، لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا ٣ هەزار و ٢١٠ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای کوردستان تۆمار کراوە.
هەروەها رێژەی تەڵاق لە پارێزگای کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ٨% رووی لە زیادبوون کردووە.
"عەبدوڵڵا خوسرەوی"، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی پارێزگای کوردستان رایگەیاندووە، لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا ١٨ هەزار و ٤٥٤ حاڵەتی هاوسەرگیری لەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو کە ١٩ هەزار و ٦٤٨ حاڵەت بووە، ٦% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
زیاد بوونی ئەو ئامارە لە کاتێک دایە، کە زۆربەی میدیا حکوومەتییەکان بە بەردەوامی باس لە "پەرەپێدانی فەرهەنگی هاوسەرگیری" و کردنەوەی "خولی پەروەردەیی" بۆ لاوان دەکەن.
زۆربەی کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە چوونەسەرێی ئاماری تەڵاق و لەلایەکی دیکەشەوە دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری بە نیسبەت زیاد بوونی حەشیمەت، کۆمەڵێک کێشە و دیاردەی وەک: قەیرەیی، چوونەسەرێی گەندەڵی ئەخلاقی لە نێو کۆمەڵگە و پچڕانی شیرازەی بنەماڵەی لێ دەکەوێتەوە.
کێشەی ئابووری، بێکاری، کێشەی شوێنی نیشتەجێ بوون و لاوازی، یان نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی کە زۆرجار خۆکوشتنی پیاوان و ژنانیشی بەدواوە بووە، بە هۆکارەکانی چوونەسەرێی رێژەی تەلاق لە پارێزگای کوردستان دادەنرێن.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سەرجەم ٥٩ ژن و پیاوی کورد بەهۆی کێشەی ئابووری، هەژاری و کۆمەڵایەتییەوە کۆتایییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
کوژرانی ژنێک بە زەبری چەقۆ و بەدەستی مێردەەکەی خۆی

چەند رۆژ پێش ئێستا لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری مەریوان ژنێک لەلایەن مێردەکەی خۆیەوە بە زەبری چەقۆ کوژرا.
"لاو لاو سادقی" خەڵکی گوندی "ژان"ی سەربە شاری سەوڵاوا، چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن مێردەکەی خۆی و لەبەر چاوی منداڵەکانی دەدراوەتە بەر لێدان و چەقۆ و بەتوندی بریندار کرابوو.
ناوبراو پاش گەیشتنە نەخۆشخانەی شاری مەریوان، بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ٣ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون.
ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
ئێــــــــــــــــــران
بەردەوامیی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتیانی بەهایی

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر و بانگهێشت کردنی هاووڵاتیانی بەهایی لە ئێران، هاووڵاتییەکی بەهایی خەڵکی شاری "سیمنان" لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی رێبەندان هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی "گوڵروخ فیروزیان" و وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە بەهاییە، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک لە کتێبەکانیدا گرتووە.
ئەو هاووڵاتییە بەهاییە هەنووکە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری "سیمنان" لە دەستبەسەری دایە و زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
هەر لەو رۆژەدا ژنێکی دیکەی بەهایی بەناوی "نەوا نەعیمی" لە ئیسفەهان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەوشارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.
رێژەی پەنابەرانی ژنی ئێرانی بۆ وڵاتانی دەرەوە زیادی کردووە

بەپێی ئاماری فەرمیی مەجلیسی ئێران نزیک بە ٤٠%ی پەنابەرانی ئێرانی کە زۆربەیان لە ئاستی سەرەوەدا خوێندنیان تەواو کردووە، ژنان پێکی دێنن.
ئەو ئامارەی مەجلیس ئاماژە بەوە دەکات، کە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی ٦٠ هەزار کەس کە خوێندنیان تەواو کردووە، وڵاتی ئێرانیان بەجێهێشتووە کە ٤٠%ی ئەو رێژەیە ژنان پێکی دێنن.
هەروەها رۆژنامەی "بەهار" لە زاری "ئەشرەف بروجێردی" ئەندامی لێژنەی زانستیی زانستگەی و لێکۆڵینەوەی فەرهەنگییەوە بڵاوی کردۆتەوە، ساڵانە ١٥٠ هەتا ١٨٠ هەزار هاووڵاتیی ئێرانی ئەو وڵاتە بەجێ دێڵن.
ئازادیی ٣ ژنە رۆژنامەنووسی زیندانی کراو

٣ کەس لە رۆژنامە نووسانی زیندانی کراو بەناوەکانی "ئەمیلی ئەمرایی"، "نرگس جوودەکی" و "رێحانە تەبا تابایی" کە سەرەتای مانگی رێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تارانەوە دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران.
ئەمیلی ئەمرایی هەواڵنێری بەشی فەرهەنگ و هونەری رۆژنامەی بەهار کە ڕێکەوتی ٨ی رێبەندان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رەشەممە بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

هاوکات نەرگس جوودەکی یەکێک لە دەبیرانی رۆژنامەی "ئارمان" کە لە هەمان رۆژدا و لەشوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.
لەلایەکی دیکەوە رێحانە تەباتەبایی هەواڵنێری رۆژنامەی بەهار، کە رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرابوو، رێکەوتی ٧ی رەشەممە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازا بوو.
پێشتریش "موتەهەرە شەفیعی" و "فاتمە سغرچی" لە زیندان ئازاد کرابوون.
لە هەر ٦ حاڵەتی هاوسەرگیری لە ئێران، یەکیان بەرەوڕووی تەڵاق دەبێتەوە

بەپێی ئامارێک کە ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی بڵاوی کردۆتەوە، ئاماری تەڵاق لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی بەفرانبار بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئەو ئامارە ٦٧٧ هەزار و ٣٨١ حاڵەتی هاوسەرگیری لەماوەی ئەو ١٠ مانگەدا لە وڵاتی ئێـــران تۆمار کراوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی ئەو ١٠ مانگەدا ١٠٨ هەزار و ٤٤٥ حاڵەتی تەڵاق لە وڵاتی ئێــران و تۆمار کراوە.
ئەو ئامارە دەرخەری ئەوەیە کە رێژەی تەڵاق جگە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لەسەرجەم پارێزگاکانی دیکە رووی لە زیادبوون کردووە.
هەروەها پاریزگاکانی ئەلبورز، تاران، قوم، خۆراسانی رەزەوی، کرماشان و کوردستان بەڕیز لە پلەکانی ١ هەتا ٦ی ئەو ئامارە دان.
کارناسانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن، کێشەی ئابووری و هەژاری، بێکاری و لێک تێنەگەیشتنی ژن و مێرد، وەک سەرەکیترین هۆکارەکانی چوونەسەرێی رێژەی تەڵاق لە ماوەی ساڵانی رابردوو دێنە ئەژمار.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێـــــــرانا
هەواڵدەریی ئیـــرنا
کۆمیتەی هەواڵنێرانی بێسنوور





