ئاژانسی كوردپا: نۆیەمین فێستێڤاڵی سەرانسەریی كاریكاتۆر لە مانگی رەشەممە لە شاری بۆكان بەڕێوە دەچێت.

هەواڵدەریی میهر لەزاری رەزای عەباسی بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شاری بۆكانەوە بڵاوی كردەوە، نۆیەمین فێستێڤاڵی سەرانسەریی كاریكاتۆر لە دوو بەشی "ئازاد و بابەتی" بە ناوەرۆكی "رەخساندنی ناكۆكی و دووبەرەكێ‌ نانەوە، پەرەدان بە فەرهەنگی بەكارهێنان، بێ‌ شوناسیی لاوان و بنەماڵەكان و شەڕی نەرم" لە شاری بۆكان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی بانگەوازی ئەو فێستێڤاڵە هەموو هونەرمەندانی كاریكاتۆریست دەتوانن بەرهەمەكانی خۆیان بە رەچاوكردنی رێوشوێنەكان لە رێگای پۆستی ئێلكترینییەوە رەوانەی دەبیرخانەی فێستێڤاڵ لە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری بۆكان بكەن.

هەر هونەرمەندێك دەتوانێ‌ هەتا ٥ بەرهەم بنێرێت و دوایین مۆڵەت بۆ بەشداری كردن لە نۆیەمین فێستێڤاڵی سەرانسەریی كاریكاتۆر ٢٠ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییە.

شاری بۆكان وەك شارێكی فەرهەنگی و خاوەن ئەزموون لەباری هونەری كاریكاتۆر لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران جێگای تایبەتی خۆی هەیە، بوونی "یاسین و محەممەدئەمین قورەیشی" دوو برای هونەرمەندی كاریكاتۆریستی خەڵكی بۆكان لەم بارەوە بێ‌ كاریگەر نیە.