ئاژانسی كوردپا: دوكتۆر ئیسماعیل بێشكچی، نووسەر و كۆمەڵناسی خەڵكی توركیە، لەسەر كارەكانی لەبارەی كوردەوە چوارەمین خەڵاتی نێودەوڵەتیی "هرانت دینك"ی پێ بەخشرا.
ماڵپەڕی خەندان بڵاوی كردۆتەوە، وەكو شكۆ و رێزێك بۆ كەسایەتیی هرانت دینك، رۆژنامەنووسی توركی بە رەچەڵەك ئەرمەنی كە تیرۆر كراوە ئەم خەڵاتەی بەناوەوە كراوە و بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی گۆڤاری حەفتانەی توركیە ( Journal of Turkish Weekly)، ئەوە یەكەمین خەڵاتە كە دوكتۆر ئیسماعیل بێشكچی قبوڵی كردووە.
بەپێی سەرچاوەكە لە كۆی ئەو 36 كتێبەی بێشكچی نووسیونی، ئێستا 32 كتێبیان لە توركیە قەدەغە كراون و بۆ چەندین ساڵ بێشكچی تاكەكەسی غەیرە كورد بووە كە بە ئاشكرا و بە روونی بەرگریی لە مافەكانی كوردانی ئەو وڵاتە كردووە و وەكوو "پێشەنگی مۆدێرنی توركیە لە لێكۆڵینەوە كوردییەكان"دا وەسف كراوە .

لە میانەی ئەو رێوڕەسمەدا بێشكچی رایگەیاند بڕیاری هەڵبژاردنی ئەو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "هرانت دینك" شانازی و شەرەفێكە بۆ ئەو.
هەروەها دووەمین خەڵاتی ئەمساڵ بە كۆمەڵگای یادگاری نێودەوڵەتی بەخشرا، كە رێكخراوێكی بواری مافەكانی مرۆڤی روسیەیە و لەلایەن دایكانی ئەو سەربازانەی لەدژی شەڕی روسیە ـ چیچەن وەستاون، دامەزراوە.





