ئاژانسی كوردپا: "گۆزەی تازە" نوێترین بەرهەمی گروپی كامكارەكانە كە لەم دواییانەدا لەلایەن "ئاوا میدیا"وە بڵاو كرایەوە و ئێستا لە تۆمارگەكانی كوردستان دەست دەكەوێت.
ماڵپەڕی سەرەكیی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی كردەوە، ئەم بەرهەمە چەند گۆرانییەك لەخۆی دەگرێ كە بەدەنگی هونەرمەند بێژەن كامكار تۆمار كراوە و بەرهەمەكانیش بریتین لە: "گۆزەی تازە و ئاواتی دووری هەر دوو شێعری مامۆستا گۆران، بنەمای رۆح شێعری مەولانا، ئاوێتەبوون شێعری عەبدوڵڵا پەشێو، گونبەدی مینا شێعری حافز، ماڵ و مینم شێعری مەولەویی كورد".

ژەنیارەكانی ئەم بەرهەمە پێكهاتوون لە: "نەیریز كامكار، سیاوەش كامكار، ئەرژەنگ كامكار، ئەرسەلان كامكار" بە هاوكاریی ئۆركێسترای سەمفۆنیك.
تۆمار كردنی ئەم بەرهەمە و كاری ماسترینگ لەلایەن هونەرمەند سیاوەش كامكارەوە جێبەجێ كراوە و ئاوازدانەر ئەرسەلان كامكارە و كۆرسی خانمانیش پێكهاتوون لە: "مریەم ئیبراهیم پوور، سەبا كامكار، هانا كامكار، قەشەنگ كامكار" و كۆرسی پیاوانیش بریتین لە:"پەشەنگ و ئەرژەنگ و ئەردەشیر و ئەرسەلان كامكار".
ـ گرووپی مۆسیقای كامكارەكان لە ساڵی 1344ەوە بۆ یەكەم جار لە شاری سنە وەك گرووپێكی بنەماڵەیی بە سەرپەرستیی ئوستاد حەسەن كامكار دەستیان بە كاری مۆسیقی كردووە.
ـ یەكێك لە ناودارترین و جیددی ترین گرووپە مۆسیقا كوردییەكانە كە بە شێوەی زانستی و هونەرییانە كاریان لەسەر گۆرانی و مۆسیقای فۆلكلۆری كوردی كردووە.
ـ لە ساڵی 1350 چەندین كەسیان بۆ فێربوونی مۆسیقای ئاكادیمی چوونەتە تاران و لە زانستگای هونەرە جوانەكان سەرقاڵی خوێندنی هونەری مۆسیقا بوون و لەگەڵ چەندین مووزیك ژەن و مۆسیقی دانی ناودار و گرووپی ناوداری مۆسیقی لە تاران هاوكارییان هەبووە.
ـ

كامكارەكان لە زۆربەی شارەكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران، شارەكانی هەرێمی كوردستان، تاران تەورێز، وەرمێ وكیش و هەرووەها فێستیڤاڵەگی گەورەی نێودەوڵەتی لە ئورووپا و ئەمریكا كۆنسێرتیان بەڕێوە بردووە.
ـ هەتا ئێستا ئەم ئاڵبۆمانەیان تۆمار كردووە: "هەورامان، زەردیی خەزان، شلێرە، گەلاوێژ، كامكارەكان، ئاگری زیندوو، گوڵ نیشان، پرشنگ، كانی سپی، "سەماع زەربیها بۆ ئامیرە كۆبییەكان"، سێژەنیاری و تاك ژەنیاری، بە یادی سەبا، ئەوراد، ئیمشەو و گۆزەی تازەش تازەترین ئالبۆمی هونەرییانە و جیا لەو ئالبۆمانە چەندین كاری هونەریی دیكەیان لە چوارچێوەی ئالبۆم، مۆسیقای دەقی فیلم، نووسین و وەرگێڕانی كتێب ئامادە كردووە.
ـ لە ساڵی 1374 فێرگەی ئازادی مۆسیقای كامكارەكانیان لە تاران دامەزراندووە و سەرقاڵی فێركاریی هونەرین.





