ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی كامیاران كە رێكەوتی 12ی جۆزەردانی ساڵی 1391ی هەتاوی لە شاری دێگولان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كرابوو، بە 4 مانگ زیندان و 20 زەربە شەلاق مەحكووم كرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ئیسلام كورد، هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی كامیاران بەناوی عەلی ئەكبەر كەمانگەر و یەكێك لە ئەندامانی سەرەكیی مەكتەب قورئانی كوردستان لە ناڕەزایەتی بە لێدوانی مەلا محەممەد ئەمین راستی بەرنوێژی كاتیی شارەكانی سنە و دێگولان، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە لە شاری دێگولان دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی قوروە كراوە.
لە دادگای دێگولان بە تاوانی "ناڕەزایەتی بە وتەكانی مەلا مەحەممەد ئەمین و تێكدانی نزمی گشتی" بە چوار مانگ زیندانی تەعزیری و 20 زەربە شەلاق مەحكووم كراوە.
ناوبراو خێزاندارە و سەرەڕای بەدواداچوونی چەندین جاری بنەماڵەكەی، هێشتا هەر لە زیندان دایە.
بەپێی هەمان سەرچاوە مەلا محەممەد ئەمین راستی لە وتەكانیدا پشتیوانی لە حكوومەتی سووریە و بەشار ئەسەد كردووە و خەڵكی ناڕازی و دژبەرانی بە تیرۆریست لە قەڵەم داوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو، عەلی ئەكبەر كەمانگەر كەلە لاق و دەستیدا كەم ئەندامە، بەو قسانە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و وتوویەتی: "ئەی بۆچی لەبارەی جینایەتەكانی بەشار ئەسەد لە سووریەوە قسەیەك ناكەیت". كە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی كە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە قۆڵبەست بكرێت.





