كوردپا: پارێزەری شێركۆ مەعارفی زیندانیی سیاسیی كورد رایگەیاند، جێبەجێ كردنی حوكمی ئیعدامی "موكل"ـەكەم بە دوور لە چاوەڕوانی نیە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا: بەهرامیان پارێزەری دادگوستەری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەبارەی كاتی جێبەجێ كردنی حوكمی ئیعدامی شێركۆ مەعارفی وتی: "هەتا ئێستا هیچ هەواڵ و ئاگادارییەك بە دەستی من نەگەیشتووە، بەڵام بەهۆی تەئیدی حوكمی ئیعدامەكە، جێبەجێ كردنی بە دوور لە چاوەڕوانی نیە".

پارێزەری شێركۆ لە درێژەدا وتیشی: رێكەوتی جێبەجێ كردنی ئەم چەشنە حوكمانە بە پارێزەر ناوترێ، بەڵكوو تەنیا بە كەسی زیندانیی رادەگەیەنرێ، بەهرامیان ئەو رەوتەی بە پێچەوانەی یاسا وەسف كرد و وتی: بەپێی یاسا ئەو حوكمانە دەبێ بە پارێزەرەكەش رابگەیەنرێ، بەڵام هەتا ئێستا ئەو كارە نەكراوە.

شێركۆ مەعارفی تەمەن 31 ساڵ و خەڵكی شاری بانە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە تاوانی "محارب" حوكمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە.
بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە كوردە بە ناردنی نامەیەكەی سەر ئاووەڵا بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئیعدامی كوڕەكەیان بوون.

شێركۆ مەعارفی لە رێكەوتی 10ی خەزەڵوەری ساڵی 1387 بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و لەو كاتەوە هەتا ئێستا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی شاری سەقز دایە.

لە حاڵی حازردا چەندین زیندانی سیاسیی كوردی دیكە كە حوكمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە، چاوەرۆانی جێبەجێ كردنی حوكمەكانیان دان.





